پەیمانگەیەکی تایبەت بۆ نابینایانی سنووری دووزخورماتو کرایەوە

964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

پەیمانگەیەکی تایبەت بۆ نابینایانی سنوری دووزخورماتو کرایەوە، كه‌ لە لایەن وه‌زیری پەروەردەی عێراق کراوەتەوە.

تیمێکی تایبەت لە شاری کەربەلاوە هاتوونەتە دوزخورماتوو، سەرەتا نزیکەی 20 کەسی قەزاکەیان هەڵبژاردووە بۆ راهێنان و فێرکردنیان، تا بتوانن لە داهاتوودا راهێنان بە نابینایانی سنوورەکە بکەن.

ئەحمەد حوسێن، مامۆستای راهێنەری، كه‌ له‌ شاری کەربەلاوه‌ هاتبوو، بە 964ـی وت: ئامانج لە هاتنمان بۆ دووزخورماتو، ئەوەیە بتوانین لە نزیکەوە خزمەتێک بە نابینایانی سنورەکە بکەین، تاکو نابینایانیش بێبەش نەبن لە خوێندن و نووسین و بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان.

وتیشی، ئێستا ژمارەیەک مامۆستا و کەسی تایبەتمان لەژێر دەستە بۆ راهێنانیان، تا لە داهاتوودا بتوانن ئەو کەسانەی کە نابینان یان ئاستی بینینیان لاوازە، وانەیان پێ بگوترێتەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، داواکارن ئەو کەسانەی نابینا یان کەمبینن، ناویان تۆماربکەن.

پەیمانگەکە لەلایەن وه‌زارەتی پەروەردەی عێراقەوە تایبەت بە نابینایانی دووزخورماتوو کراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە داهاتوودا وانە و خوێندنیان لەو پەیمانگەیە پێ دەگوترێتەوە، بە جۆرێک وەک قوتابی سەرەتای وانەیان فێر دەکرێت و لە داهاتووشدا دەبنە خاوەن بڕوانامە.

پەیمانگەکە وەک قوتابخانەی سەرەتاییە و لە پۆلی یەک تا شەشه‌، لەگەڵ ئەوەشدا سێ وانەی پڕاکتیکی کە تایبەتن بە نابینایان ده‌گوترێنه‌وه‌، یەکێکیان سیستمی بڕاینە، هەروەها سیستمی کۆمپیوتەری و دەنگی و ئامێرە زیرەکەکان بە شێوازی دەنگی و دەستی دەخوێندرێن.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا