ئەمساڵ 389 ئۆتۆمبێل سووتاون، هۆکاری سووتانی ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە چییە؟

+964

ژووری هەواڵ

زەحمەتە هیچ ساڵێک هەبووبێت هێندەی ئەمساڵ ئۆتۆمبێلی تیا سووتابێت، بەنزیکەیی هەر هەفتەیەک 16 ئۆتۆمبێل لە کوردستان دەسووتێن، هەندێکیان دوای زیانی زۆر دەکوژێندرێنەوە، هەندێکی تریان خاوەنەکەی بە دیاریانەوە دادەنیشێت تا تەنیا پلێتە سووتاوەکەی دەمێنێتەوە.

کارەساتەکە زیاتر لە هاوینی ئەمساڵ خوڵقا، گەرما تاقەت پڕوکێنەکە و بەنزینە گوماناوییەکە، لەبارترین کەشیان خوڵقاندووە بۆ سووتانی ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە.

رۆژ نییە هەواڵی سووتانی ئۆتۆمبێلێک و دووان و سیان لە میدیاکان و سۆشیال میدیاوە باس نەکرێن، بەگوێرەی راپۆرتی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بێت، بەنزینی خراپ و فیول پەمپ و دەستکاریکردنی سیستمی کارەبایی ئۆتۆمبێلەکە و بەستنی کەرەستەی کوالێتی خراپ وەک بلاجکتۆر و ئایپادی عادی کە شۆرتی کارەبایی دروست دەکەن، هۆکاری سووتانی ئۆتۆمبێلەکانن.

964 تۆڕی پەیامنێرانی راسپارد لە سەرچاوە فەرمیەکانەوە داتای سووتانی ئۆتۆمبێل کۆبکەنەوە.. ئەنجام گەڕایەوە، بەڵام شۆکهێنەر بوو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 389 ئۆتۆمبێل سووتاون.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەرگری شارستانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بێت، لە هەولێر زۆرترین ئۆتۆمبێل لەمساڵدا سووتاوە کە 173 دانەیە، دوای ئەو سلێمانی دێت کە 115 ئۆتۆمبێلی تێدا سووتاوە، ئینجا دهۆک دێت کە 33 ئۆتۆمبێل و پاشان ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دێت کە 24 ئۆتۆمبێلی تێدا سووتاوە.

لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 18 ئۆتۆمبێل و پارێزگای هەڵەبجە 14 ئۆتۆمبێل و راپەڕین 12 ئۆتۆمبێل لەمساڵدا سووتاون.

سەرکەوت کارەش، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر دەڵێت، بەپێی راپۆرتەکانیان بێت، خراپی کوالێتی بەنزین هۆکاری سەرەکییە، دوای ئەو دەستکاریکردنی سیستمی کارەبایی ئۆتۆمبێل و خەمساردی بەشێک لە شوفێری ئۆتۆمبێلەکان یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان.

بابەتەکە هەر سووتانی ئۆتۆمبێل نییە، بەڵکو لە دیوە ئابوورییەکەی زیانی داراییشی هەیە کە نرخی هەرزانترین ئۆتۆمبێل لە کوردستان لە پێنج هەزار دۆلارەوە دەستپێ دەکات تاوەکو سەرووی نیو ملیۆن دۆلار.
بە تێکڕا ئەگەر بەهای هەر ئۆتۆمبێل بە 10 هەزار دۆلار هەژمار بکەین ئەوا تەنیا لەمساڵدا سووتانی ئۆتۆمبێل زیانی سێ ملیۆن و 890 هەزار دۆلاری لە خەڵکی کوردستان داوە.