نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ ئازادکرا

964+
ژووری هەواڵ

دوای کاتژمێرێک لە راگیرانی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلی رەئوف نوێنەری گشتی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان ئازادکرا، کە لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستگیرکرابوو.

لە پاش ئازادکردنی، عەلی رەئوف بە رۆژنامەنووسانی وت، “100 جاری تریش دەستگیرم بکەن واز لە نوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژ ناهێنم”.

وتیشی کۆبوونەوە لەگەڵ هاوڕێکانیان دەکەن و بڕیار لەبارەی گردبوونەوە و چۆنێتی دەربڕینی داواکارییەکانیان دەدەن.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، پەیامنێری 964 لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران بوو، بە چاوی خۆی بینیویەتی کە زیاتر لە سێ ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان لەو دەوروبەرە بوون، بەڵام دەستگیرکردنی نوێنەرەکەی وانەبێژانی نەبینیبوو.

لەسەر ئەم بابەتە، 964 پەیوەندی بە پارێزگار و وتەبێژی پۆلیسی هەولێرەوە کرد، وەڵامیان نەدایەوە.

سێ رۆژ لەمەوبەر، عه‌لى ره‌ئوف به‌ 964ـى وت، رۆژی یەکشەممە، 20.8.2023، مامۆستایانی وانه‌بێژی سنووری دهۆك و هه‌ولێر ده‌چنه‌وه‌ ‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو مامۆستایانی وانەبێژ ده‌چنه‌و...

یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو مامۆستایانی وانەبێژ ده‌چنه‌وه‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران

داواکاری ئەوان بۆ دامەزراندنیانە بە شێوەی هەمیشەیی.

964 دەزانێت، ژمارەی وانەبێژان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان زیاترە لە 35 هەزار مامۆستا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 10 ساڵە دامەزراندنی بەشێوەیەکی گشتی وەستاندووە و لەجیاتیدا، زۆربەی جارەکان، بە گرێبەست کارمەندی نوێ بۆ فەرمانگەکانی وەردەگرێت.