لاوانی یانەی هەولێر گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی لاوانی عێراق

964+

هێژا خەسرەو ـ هەولێر

لە سێیەم یاری قۆناغی کۆتایی خولی نایابی لاوانی عێراق، لاوانی هەولێر لە یاریگای خۆیاندا بەرامبەر لاوانی شورتە یاریکرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام لێبردەوە.

لە خولەکی 21ـی یارییەکەدا، یاریزان موئەیەد سەفا، گۆڵی یەکەمی هەولێری تۆمارکرد، دواتر لە خولەکی 34، یاریزان مەتین مەنسوور گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە لە بەرژەوەندی لاوانی هەولێر کۆتایی هات.

یاریزان عەبدولئیلا عەبدولرەحمان، لە خولەکی 66ـی یارییەکەدا  گۆڵی سێیەم و سێ خاڵی یارییەکەی بۆ هەولێر تۆمارکرد.

بەم ئەنجامە، لاوانی هەولێر گەیشتنە قۆناغی پێش کۆتایی و بڕیارە بەرامبەر لاوانی نەوتی بەسرە یاری بکەن و براوەی یارییەکەش دەگاتە یاری کۆتایی خولی نایابی لاوانی عێراق.

دوای یارییەکە، راهێنەر رەوەند عەبدولخالق لە لێدوانێکدا بە 964ی وت: ئێمە شایەنی ئەوە بووین ببەینەوە و بۆ قۆناغی پێشکۆتایی سەرکەوین، لە ئاستی یاریزانان رازیم، بە پێی پلانەکانی من یارییانکرد، لە قۆناغی پێشکۆتاییشدا ئەگەر بە هەمان ئاستەوە یاری بکەین دڵنیام سەردەکەوین.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق