ئاوی گەڕەکێکی سەیدسادق پیس بووە

964+

ئەحمەد مستەفا

ئاوی گەڕەکی شێخان لە قەزای سەیدسادق کەڵکی خواردنەوە و بەکارهێنانی نییە و قایمقامیەتیش دەڵێت، ئاوی پاکیان بۆ دەگەڕێنینەوە.

کاتژمێر 6ـی ئێوارەی دوێنێ و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئاو بۆ گەڕەکی شێخان لە سەیدسادق بەرداوەتەوە، بەڵام وەک لە ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، ئاوەکە رەنگی شیرییە و بە کەڵکی خواردنەوە و بەکارهێنان نایەت.

بەگوێرەی سۆراغی 964، کە لەگەڵ ژمارەیەک هاوڵاتی گەرەکەکە قسەی کردووە، رەنگ و تام و بۆنی ئاوەکە تێکچووە.

خەڵکی گەڕەکەکە گومان لەوە دەکەن بۆری ئاوەکەیان شکا بێت، یانیش رێژەیەکی زۆر لە کلۆر لە ئاوەکە کرابێت.

ئەوانەی قسەیان بۆ 964 کردووە، زۆرینەیان پێیانوایە هۆکارە بۆ بوونی رێژەیەکی زۆری کلۆر دەگەڕێننەوە، بۆ ئەمەش بۆنی کلۆری ئاوەکە بە بەڵگە دەهێننەوە.

رەزا محەمەد، قایمقامی قەزای سەیدسادق بە 964ی وت، دەبێت ئەو هاوڵاتیانە سەردانمان بکەن یان ئاگاداری تیمەکان بکەنەوە تاوەکو بەدوای هۆکارەکەیدا بچین.

ئەو دڵنیاییدا کە ئاوی خواردنەوەی قەزاکە سەلامەت و تەندروستە، دەکرێ حاڵەتی هەبێت لە پیسبوون بە هۆی شکان یان چاکسازی لە بۆرییەکان، بەڵام لیژنەکانیان ئاوێکی خاوێن بۆ ئەو ماڵانە دەگەڕێننەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق