لە سلێمانی کتێبێکی بەختیار عەلی دەکرێتە شانۆگەری

964+

دیلان محەمەد جەزا

بە بەشداری نۆ هونەرمەند کتێبی (بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهان)ـی بەختیار عەلی دەکرێتە شانۆگەری.

شانۆگەری بێتاوانی و سزا کە دەقەکەی لە کتێبی بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهانی نووسەری بەناوبانگی کورد، بەختیار عەلی وەرگیراوە، شانۆگەریەکی درامییە و لەناویدا کۆمیدیایەکی ڕەش هەیە.

لە شانۆگەریەکەدا نۆ ئەکتەری دیار، لە تەمەنە جیاوازەکان بەشدارن، ماوەی نمایشەکەش کاتژمێرێک و 25 خولەکە و بڕیارە بۆ ماوەی 15 رۆژ لە هۆڵی رۆشنبیری لە سلێمانی نمایش بکرێت.

شانۆگەرییەکە بەرهەمی کۆڕی بایە و بەشی شانۆ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی ئەرکی بەرهەمهێنانی گرتۆتە ئەستۆ. 

رێژەن جەمال، دەرهێنەری شانۆگەریەکەیە و قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی داهاتوو شانۆگەری بێ تاوانی و سزا لە شاری سلێمانی نمایشدەکەن.

وتیشی “دوای 15 رۆژەکە، ئەگەر بینەری زیاتری هەبێت ئەوا بڕیار لەسەر درێژکردنەوەکەی دەدەین”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق