کشتوکاڵی کفری. وێنە : سۆشیال میدیا
کۆلێژی کشتوکاڵی کفری بەرەو خامۆشبوون دەچێت
+964
هونەر فارس- کفری
بە دەگمەن خوێندکاران روو لە کۆلێژی کشتوکاڵی کفری دەکەن، ساڵی رابردوو قۆناغی یەکی بەبێ خوێندکار و بۆ ئەمساڵیش قۆناغی دوو بە بێ خوێندکار بەڕێدەکات.
کۆلێژەکە لە ساڵی 2014دامەزراوە و تەنیا بەشی سامانی ئاژەڵ لەخۆدەگرێت، بۆ ئەمساڵ تەنیا 14خوێندکاری قۆناغی سێیەم و 39خوێندکاری قۆناغی چوارەم لە کۆلێژەکەدا دەوام دەکەن، ئەگەر مەسیری قۆناغی یەکەم وەک ساڵی پاربێت.
964سەبارەت بە هۆکاری کەمی خواست لەسەر کۆلێژەکە یەکێک لە خوێندکارەکانی دواند، ئەو لەوەڵامدا وتی: دوو هاوڕێی دەرەوەی شارم ویستیان بێنە کۆلێژەکە، بەڵام لەلایەن ئیدارەی کۆلێژەوە پێیان وترا داخلیان نیە، بۆ ئەوەی ئەرکی خوێندکارانی داخلیان نەکەوێتە سەر، ئەوانیش بە ناچاری دەستیان لێ هەڵگرت.
ئەو خوێندکارە، هۆکارێکی دیکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کۆلێژەکە تەنیا بەشی سامانی ئاژەڵی تێدایە و لەرووی دامەزراندنەوە گرنگیەکی ئەوتۆی نیە.
د. محەمەد ئیبراهیم راگری کۆلێژی کشتوکاڵی کفری، بە 964ی وت “خواست لە هەموو عێراق لەسەر بەشە کشتوکاڵیەکان کەمە و ئەو گرفتە تەنیا لە کۆلێژەکەی ئێمە نیە”.
باسی لەوەشکرد، کۆلێژەکەیان جگە لە بەشی سامانی ئاژەڵ بەشی بەروبومی کێڵگەیشیان هەبووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ستافی ئەکادیمیەوە ئەو بەشە راگیراوە.
بەگوێرەی بەدواداچونەکانی 964ئەو خوێندکارانەی لە شوێنە دورەدەستەکانەوە روو لە کۆلێژی کشتوکاڵی کفری دەکەن، بەهۆی نەبوونی داخلیەوە هەر ساڵە و لە خانویەکدا دەمێننەوە، بەڵام ئەرکی مانەوەیان لە ئەستۆی کۆلێژەکە دەبێت.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن