لەمەودوا بێ ترس سەوزەی ژاراوە بخۆن
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
دروستکردنی ئاوەڕۆی سەر رێگەی ژاراوە – قەڵادزێ کێشەی تێکەڵبوونی ئاوەڕۆی ماڵان بە جۆگەی ئاودێریی جوتیارانی چارەسەر کرد و لەمەودوا سەوزە و بەروبوومەکان بە ئاوی پاک ئاو دەدرێن.
ئاوەڕۆکە 220 مەتر درێژە و 15 ملیۆن دیناری تێچووە.
بە وتەی رێزان خدر، سەرۆکی شارەوانی ژاراوە، کە بۆ 964 قسەی کردووە، دەبوو ئەو پڕۆژەیە ساڵی رابردوو جێبەجێ بکرایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەوە کەوتووەتە ئەمساڵەوە.
وتیشی، “ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگ بوو، چونکە پێشووتر بەهۆی ئەوەی ئاوەڕۆی ماڵان تێکەڵ بە جۆگەی ئاودێری جوتیاران دەبوو بووبووە مەترسی بۆچەندین نەخۆشی، ئێستا بە تەواوبوونی ئاوەڕۆکە هیچ ئاوەڕۆیەک لەو سنوورە تێکەڵ بە جۆگەی ئاودێری نابێت”.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد