ئه‌مساڵ هه‌نجیره‌كه‌ى ئاكرێ به‌ 9000 تۆن خۆى نمایش ده‌كات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

كشتوكاڵى ئاكرى پێشبینى ده‌كات، ئه‌مساڵ به‌رهه‌می هه‌نجیره‌كه‌یان بگاته‌ نۆ هه‌زار تۆن، به‌ڵام پارساڵ به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه‌ نه‌یتوانیبوو بگاته‌ نیوه‌ى ئه‌و ژماره‌یه‌ش.

قه‌زاى ئاكرێ به‌و هه‌نجیره‌ى به‌ناوبانگه‌ كه‌ ساڵانه‌ 1600 دۆنمى لێ به‌خێوده‌كات و یه‌ك له‌ باشترین هه‌نجیره‌كانیشى لێیه‌.

ئاكره‌ییه‌كان جۆره‌كانى هه‌نجیره‌كه‌یان واباسده‌كه‌ن كه‌ بریتین له‌ یه‌حیابه‌گ، بێناتى و سوورخاڵ، به‌ڵام ده‌ڵێن یه‌حیابه‌گه‌كه‌یان له‌ شیرینى به‌ناوبانگترینیانه‌.

كاروان جه‌مال، به‌رپرسى راگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كشتوكاڵى ئاكرێ بۆ 964 باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ ئه‌مساڵ به‌رهه‌مى هه‌نجیره‌كه‌یان باشتره‌ له‌ چاو پارساڵ و ده‌ڵێت “هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مساڵ به‌هۆى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا به‌رهه‌مه‌كه‌ى دواكه‌وت به‌ڵام له‌ چاو ساڵى رابردوو باشتره‌”.

ساڵى پار، هه‌نجیری ئاكرێ تووشی نه‌خۆشییه‌ك بوبوو به‌ناوى عه‌نكه‌بووت بۆیه‌ نه‌یتوانى به‌رهه‌مه‌كه‌ى بگه‌یه‌نێته‌ نیوه‌ى به‌رهه‌مى ئه‌مساڵ كه‌ كشتوكاڵى ئاكرێ پێشبینى به‌رهه‌مه‌كه‌ى بۆ نۆ هه‌زار تۆن كردووه‌.

به‌ قسه‌ى كاروان جه‌مال، له‌ ئاكرێ، دینارتێ و بجیل و گرده‌سێن، 250 هه‌زار بنه‌دارى هه‌نجیر هه‌ن و ئه‌مساڵ هه‌ر بنه‌ هه‌نجیرێكیش نزیكه‌ى 35 كیلۆى لێده‌كرێته‌وه‌.

باسى له‌وه‌شكرد، هه‌نجیره‌كه‌یان بۆ بازاڕه‌كانى دهۆك، هه‌ولێر و سلێمانی ده‌نێردرێت و ده‌گاته‌ به‌شێك له‌ شاره‌كانى عێراقیش.