روخاندنی حەوزە ماسییەکانی سنوری داقوق راگیرا
964+
سیروان خورشید
خاوەن حەوزی ماسیەکانی سنوری قەزای داقوق دژی تێکدانی حەوزەکانیان رێگریان لە رووخاندنی حەوزەکانیان کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، جارێکی تر لیژنەی سەرچاوە ئاوییەکانی کەرکوک هاستان بە تێکدانی حەوزە ماسییەکانی داقوق و دیانەوێت بە تەواوی نەیهێڵن.
بەشێک لە خاوەن حەوزی ماسییەکان سنوورەکە گردبووەنەوە بۆ رێگری کردن لێیان ئەوان دەڵێن تا 1.1.2024 مۆڵەتیان هەیە کار لەو حەوزانەدا بکەن، بەڵام لیژنەکە گوێ بەوە نادات و هەستاون بە تێکدانی حەوزەکانیان.
دڵشاد خالد، خاوەنی یەكێک لە حەوزی ماسییەکان بە 964ـی وت، لەکاتی تێکدانی حەوزەکاندا یەکسەر چوینە سەر حەوزەکان و رێگریمان کرد لە تێکدانیان.
وتیشی، سێ رۆژ مۆڵەتیان پێدراوە تا بە نوسراوی فەرمی لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانەوە بگاتە کەرکوک بۆ رێگەدان بە کارکردن دوای ئەو ماوەیەش ئەگەر خۆیان هەڵینەگرن سەرجەم حەوزەکانیان تێکدەدرێت.
لەسنوری قەزای داقوق ودەوروبەری و تا دەگاتە باشوری قەزای دوزخورماتوو زیاتر لە سێ هەزار حەوزی ماسی هەیە کە ماسی هەناردەی ناوچەکانی کوردستان و عێراقیش دەکات، بە تێکدانی ئەو حەوزانە ماسی لە بازاڕەکاندا گرانتر دەبێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی