دەقی نووسراوەکەی دەستەی وەبەرهێنان. وێنە: 964
نووسراوەکەی دەستەی وەبەرهێنان هەڵای لە شاری خەونەکان ناوەتەوە
964+
فەرمان سادق
بەپێی نووسراوێکی لقی هەولێری دەستەی وەبەرهێنان بێت، هەر کەسێک زەوی لە شاری خەونەکان بکڕێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
نووسراوەکەی لقی هەولێری دەستەی وەبەرهێنان بە ژمارە (4295) لە 10ـی ئەم مانگە بە واژووی سامان عارەب، سەرۆکی دەستەکە ئاراستەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر کراوە و تێیدا ئاگاداریان دەکاتەوە کە پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بە ژمارە (57) لە 15.10.2009، قەدەغەیە کڕین و فرۆشتن بە زەوییە بەتاڵەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی شاری خەونەکان بکرێت.
لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە کۆمپانیای (مدینە الاحلام) بەردەوامە لە ئەنجامدانی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بەو زەوییان بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان.
کۆمپانیای (مدینە الاحلام) ئەو کۆمپانیایەیە کە مۆڵەتی وەرگرتنی پڕۆژەکەی وەرگرتووە.
لقی هەولێری دەستەی وەبەرهێنان، داوا لە ژووری بازرگانی دەکات کە ئاگاداری سەرجەم نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە بکاتەوە کە بەهیچ شێوەیەک بۆیان نییە مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بەو زەویان بکەن و دەشڵێت” نیشانەی گلدانەوەیان لەسەرە و کڕین و فرۆشتن پێیانەوە سەرپێچییە و قەدەغەیە و رێکاری توندی یاساییان بەرامبەر دەگیردرێتەبەر.
لای خۆیەوە سەردار ئازاد، خاوەنی کۆمپانیای عەقاراتی ئەملاک دەڵێت، تەنیا چەند پارچە زەوییەک ماوە و ئەوەی تری هەمووی فرۆشراوە و ئێستاش مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێدەکرێت.
سەردار ئازاد لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ 964 کردووە و دەشڵێت: سەرەتای دروستکردنی پڕۆژەکە تەنتا 200 خانوو دروستکران، زەوییەکانی دیکە نەکران بە خانووی پڕۆژە و هەمووی وەک زەوی فرۆشران، تەنانەت بەشێکی زۆری ئەو خانووانەشی کە دروستکراون، تێکدراون وخانووی نوێیان لە جێگەدا دروستکراوە.
زیاتر وتیشی “گرانترین زەوی هەولێرن، نرخی یەک مەتر دووجای بە 1300 بۆ 1500 دۆلارە.
پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دریم ستی، لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی ژمارە 33ـی هەیە لە 3.6.2007، بەناوی کۆمپانیای (مدینە الاحلام) لەسەر رووبەری 300 دۆنم کە دەکاتە حەوت ملیۆن و 500 هەزار مەتر دوجا، گوژمەی پڕۆژەکە 300 ملیۆن دۆلارە.
لای خۆیەوە سامان عارەب، بەڕێوەبەری لقی هەولێری دەستەی وەبەرهێنان بە 964ـی وت، 200 بۆ 300 پارچە زەوی پڕۆژەکە گلدراوەتەوە، کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکانی قەدەغەیە.
لەبارەی ئەوەی لە نووسینگەکانی خانووبەرە کڕین و فرۆشتنی پێدەکرێت وەک سەردار ئازاد، خاوەنی کۆمپانیای عەقاراتی ئەملاک دەڵێت، سامان عارەب، لە وەڵامدا دەڵێت: هەر کەسێک بەڵگەی هەیە با بیخاتەڕوو، تاوەکو رێکاری یاسایی بگرینەبەر.