دەروازەی حاجی ئۆمەران ئامادەکاری بۆ هاتنی 500 هەزار گەشتیاری شیعە دەکات
964+
فەرمان سادق
ئامادەکارییەکان بۆ زیارەتکارانی مەزارەکانی شیعە لە دەروازەی حاجی ئۆمەران کۆتایی هاتووە و چاوەڕان دەکرێت لە پێنج پارێزگای باکوری ئێران لە رێگەی هەولێرەوە بچنە نەجەف و کەربەلا.
دوای رێککەوتنەکەی پارساڵ لەبارەی سەردانی زیارەتکارانی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، بە تایبەت لە چلەی ئیمام حسێن، لەنێوان هەولێر و پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوای ئێران، بڕیارە ئەمساڵیش زیارەتکاران لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەران سەردانی هەولێر بکەن و لێرەوە بەرەو بەغدا و پاشان مەزارە پیرۆزەکانی شیعەکان بچن.
لە ئێستاوە ئامادەکارییەکان دەستی پێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە 18ـی ئەم مانگە زیارەتکاران لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بەرەو هەولێر گەشت بکەن.
سیروان بارزانی، وتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران بە 964ـی وت، بۆ ئەمساڵ بڕیارە زیارەتکارانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، ئازەربایجانی رۆژهەڵات، ئەردەبێل و زەنجان لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە گەشتەکەیان دەستپێ بکەن و پێشبینی دەکرێت 500 هەزار گەشتیار لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بێنە عێراق.
زیارەتکاران، لە حاجی ئۆمەرانەوە بە پاسی تایبەت کە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئامادەی دەکات دەگوازرێنەوە بۆ گۆڕەپانی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر لەناو پاری سامی عەبدولرەحمان، پاشان بەرەو حسێنیەی بەغدا دەکەونەڕێ.
چاوەڕوان دەکرێت چلەی ئیمام حسێن لە 6.9.2023 دەستپێ بکات کە لەو مەراسیمەدا شیعە مەزهەبەکان لە هەموو دونیاوە روو لە کەربەلا دەکەن بۆ زیارەتکردنی مەزاری ئیمام حسێن.
سیروان بارزانی، دەشڵێت؛ ئامادەکارییەکان لە دەروازەی حاجی ئۆمەران کراوە بە زیادکردنی ژمارەی کۆمپیوتەرەکانی پاسپۆرت و شوێنی حەوانەوە و دانیشتن و گەراجی گەورە بۆ پاسەکان.