عێراق ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت

964+
كوردستان ئەحمەد – هەولێر

“حكومەتی عێراق بە فەرمی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ناردنی ٤٠٠ ملیار دیناری مانگی ١١ و ١٢ی ٢٠٢٢ بۆ هەرێمی كوردستان”، ئەمە حکومەتی هەرێم بە فەرمی رایگەیاندووە.

ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە پشكی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت كە بڕەكەی ٤٠٠ ملیار دینارە.

حکومەت هەرێم دەڵێت، تا ئێستا دیار نییە ئەو بڕە پارەیە كەی دەخرێتە سەر هەژماری بانكی بۆیان.

بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، دەبووایە هەموو مانگێک بەغدا مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام لەساڵى ٢٠٢٢دا تەنیا دووجار پارەکەی ناردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێستا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق.

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان.