ئاگر شاخەکانی ناوچەکەی گرتووەتەوە
13 ملیۆن مەتر دووجا زەوی پێنجوێن بە مین چێندراوە
964+
محەمەد عومەر
شەوی رابردوو ئاگر لە شاخی سوورێن لە نزیک لە گوندەکانی ناحیەی ناڵپارێز کەوتەوە و تا ئێستاش بە تەواوەتی کۆنتڕۆل نەکراوە بەهۆی زۆری مین لە ناوچەکە هیچ کەس توخنی ناکەوێت.
قەزای پێنجوێن و ناحیەی ناڵپارێز ناوچەی سنوورین لە نێوان وڵاتی ئێران و هەرێمی کوردستان کە ماوەی دوو هەفتەیە ئاگر بەرۆکی گرتووە و بەشێکی زۆر لە سروشت و درەخت و سەوزای سەر شاخەکانی سووتاندووە.
شەوی هەینی، 11.8.2023، ئاگر لە بناری سوورێن کەوتەوە و لە نزیک گوندی خڕنوک و بۆریدەر تیمەکانی بەرگری شارستانی و هاوڵاتیانی سنوورەکە هەوڵیاندا کۆنتڕۆلی بکەن بەڵام بەهۆی ئەوەی مینێکی زۆر لە ناوچەکە هەن نەتوانرا کۆنتڕۆل بکرێت و ماوەی 18 کاتژمێرە ئاگرەکە بەردەوامە.
هێمن ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بە 964ـی وت، ئاگرەکە تا ئێستا هیچ زەرەر و زیانێکی گیانی نەبووە لەو ناوچانەی کە نزیک گوندنشینانن توانراوە کۆنتڕۆل بکرێت بەڵام سەر شاخەکان بەهۆی ئەوەی مینێکی زۆری لێیە نەیانتوانیوە بیکوژێنینەوە و هێشتا بەردەوامە.
964 دەزانێت، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆش ئاگرێکی نوێ لە نزیک گوندی هەرزە لە پشت ناحیەی ناڵپارێز کەوتووەتەوە و بەهەمان شێوە بەهۆی ئەوەی مینێکی زۆری تێدایە ناتوانرێت نزیک ئاگرەکە بکەونەوە.
بە سۆراغی 964، لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا (1980 – 1988) لە سنووری قەزای پێنجوێن 20 ملیۆن مەتر دووجا زەوی بە مین چێندراوە، لەم ساڵانەی دواییدا حەوت ملیۆن مەتر دووجای پاککراوەتەوە و هێشتا 13 ملیۆن مەتر دووجای ماوە.