نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەولێر

+964

شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر

گەشتوگوزاری هەولێر ئاشکرای دەکات، لە حەوت مانگی ئەمساڵدا ملیۆنێک و 913 هەزار و 256 گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە ، بەهۆی پشووەکانی خوێندنیشەوە لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموزدا بەراورد بە مانگەکانی دیکە، زۆرترین گەشتیار هاتوون .

ئەو گەشتیارانەی لەو ماوەیە سەردانی هەولێریان کردووە، نزیکەی80% گەشتیاری پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن، ئەوانی دیکە گەشتیاری پارێزگاکانی ناوخۆی هەرێم و بیانی بوون .

نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر بە 964ـی وت، هاتنی گەشتیاران بەردەوامە، ساڵی 2022 ، دوو ملیۆن و 752 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کرد، لە پلانیاندایە تا کۆتایی ئەمساڵدا خزمەتگوزاری زیاتر بۆ گەشتیاران دابین بکەن و پێشوازی لە ژمارەیەکی زیاتر بکەن.

بە پێی وتەی بەرپرسانی گەشتوگوزاری هەولێر، لە سنووری پارێزگای هەولێردا نزیکەی هەزار و 400 بنکەی گەشتیاری مۆڵەتپێدراو هەن، گەشتیاران جگە لەوەی بەشی زۆری گەشتەکەیان بۆ هەولێرە ،سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران، رواندز و چۆمان دەکەن.