زانیاری لە بارەی رووداوە گەورەکەی دوێنێ شەوی سلێمانی

964+

ژووری هەواڵ

درەنگانێکی شەوی رابردوو لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی رووداوێکی قورسی هاتوچۆ روویدا.

ئۆتۆمبێلێک بە خێراییەکی زۆر لەسەر شەقامەکە لە نزیک ژووری بازرگانی خۆی کێشاوە بە شەش ئۆتۆمبێلی تردا، هەندێکیان زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

تائێستا زانیاری تەواو بەردەست نییە لەبارەی زیانی گیانی، بەڵام ئەمبۆڵانس لە شوێنی رووداوەکە بینراوە، شایەتحاڵەکان دەڵێن بینیویانە پۆلیس شۆفێری ئۆتۆمبێلە تیژڕەوەکەی دەستگیر کردووە.

ئەو بەشەی شەقامی سالم کە ئەهلی شارەکە سەهۆڵەکەی پێدەڵێن، قەرەباڵغترێن بەشی شەقامەکەیە و پڕە لە کافتریا و چێشتخانە و تا درەنگانێکی شەو بە سەدان کەسی لێیە و لەسەر شۆستەکانی مێزو کورسی داندراوەو دادەنیشن.

ئەمە دووەم روداوی گەورەیە لە ماوەی دوو هەفتەدا، رۆژی 31.07.2023 لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە سلێمانی بارهەڵگرێک برێکی نەما و خۆی کێشا بە حەوت ئۆتۆمبێلی دیکەدا، بەڵام زیانەکانی ئەو رووداوەیان زۆر لەمە زیاتر بوو.

زانیارییەکان سەبارەت بە رووداوەکەی دوێنێ شەو سەرەتایین و لە زاری شایەتحاڵەکان وەرگیراون، هێشتا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ هیچی لەسەر نەوتووە.