“سەرما ناهێڵێت رێگاى شه‌قڵاوه‌ – سلێمانى چاکببێتەوە”

+964

فەرهاد حەسەن – هەولێر

زیاتر لە حەوت مانگە کار بۆ چاککردنەوەی رێگای نێوان شەقڵاوە بۆ دوکان و سلێمانی دەکرێت، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە و ئێستا پرۆژەکە بەهۆی سەرما راگیراوە، قۆناغی رادەستکردن دەکەوێتە نیسانی ٢٠٢٣، بە قسەی بەرپرسان.

شاخه‌وان عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سكتان لە قەزای کۆیە هۆکاری وەستانی پڕۆژه‌كه‌ بۆ هاتنى وه‌رزی زستان و سه‌رما ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، بەڵام قائیمقامی کۆیە شتێکی جیاواز دەڵێت.

تاریق حەیدەری، قائیمقامی قەزای کۆیە بە 964+ی وت، هۆکاری وەستانی پڕۆژه‌كه‌ بۆ پلانێكی نوێی وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى كردووه‌ و تا ئێستا وه‌ڵامى وه‌رنه‌گرتووەته‌وه‌.

باسی لەوەش کرد، “كاره‌كانى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ دوو قۆناغی كاركردن پێكهاتووه‌، قۆناغی یه‌كه‌میان له‌ گوندی هیزۆپه‌وه‌ تا گوندى كۆلكه‌ڕه‌شه‌ کە ئەوەیان چاككراوه‌، قۆناغی دووه‌میش له‌و گونده‌ تا هیرانه‌، به‌ڵام ئێستاكه‌ وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ پلانێكی نوێی هه‌یه‌ بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ و بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى ناردووه،‌ هه‌ر ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدرێت ئه‌ویش جێبه‌جێ ده‌كرێت”.

ئەو پرۆژەیە ٢٠ کیلۆمەتر رێگایە، راستەوخۆ شەقڵاوە بە قەزای دوکان دەبەستێتەوە و لەوێشەوە بۆ سلێمانی، لە سەردەمی رژێمی بەعس دروستکراوە، بەڵام پڕە لە چاڵ و چۆڵی و هەشت کیلۆمەتری ماوە چاکبکرێتەوە.

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سكتان بۆ +964ی روونکردەوە، لە دوێنێ دووشه‌ممەوە پرۆژەکە راگیراوە‌ چونکە سه‌رما و سۆڵە هاتووه‌ و “ناتواندرێت لە قیڕتاوكردن بەردەوام بن”.

له‌ناو خه‌ڵكی ئه‌و سنووره‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، گوایه‌ كۆمپانیاى به‌ڵێنده‌ر كاره‌كانى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى به‌جێهێشتووه‌ و ته‌واوى ناكات.

كه‌ریم خدر عوسمان، هاوڵاتیه‌كى ناحیەی سكتانه‌ به‌ +964 ى وت، “زانیومانه‌ به‌ڵێنده‌ر كاره‌كان ته‌واو ناكات و ئه‌و رێگایه‌ش به‌وشێوه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌”، بەڵام بەڕێوەبەری ناحیەکە ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.

بەگوێرە زانیارییەکان، پارەی تەواوی پرۆژەکە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینارە، ٣٠٥ رۆژ دیاریکراوە بۆ تەواوکردنی، تەنیا ٥٥ رۆژی ماوە، بەڵام بە قسەی ئەو بەرپرسانەی 964+ قسەی لەگەڵ کردن، لە نیسانی ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت.