خه‌ڵك به‌بێ رێنمایی مه‌له‌ ده‌كه‌ن

قه‌ده‌غه‌كردنى مه‌له‌وانى نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ رووباره‌كه‌ى بارزان

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دواى ئه‌وه‌ى به‌ بڕیارێكی وه‌زاره‌تى ناوخۆ مه‌له‌كردن له‌ زۆربه‌ى شوێنه‌ مه‌ترسیداره‌كان قه‌ده‌غه‌كرا، كه‌چی له‌ رووبارى بارزان تا ئێستاش خه‌ڵك به‌شێوه‌ ئاساییه‌كه‌ى خۆى مه‌له‌ ده‌كات و هیچ رێنمایی و تابلۆیه‌كی ئاگاداركردنه‌وه‌یان بۆ‌ هه‌ڵنه‌واسراوه‌.

به‌پێی بڕیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى به‌رگرى شارستانى راپسپاردووه‌، ئه‌و ئاوانه‌ى مه‌ترسیدارن به‌ شریتی سوور ده‌ستنیشان بكرێن و قه‌ده‌غه‌ى مه‌له‌وانى رابگه‌یه‌نن.

له‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران، به‌هه‌مانشێوه‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌به‌شێك له‌ ناوچه‌كانى ئه‌و ئیداره‌یه‌ جێبه‌جێ كراوه‌.

به‌ڵام له‌ سنوورى ناحیه‌ى بارزان، كه‌ خاوه‌ن رووباره‌ تا ئێستا هیچ رێنمایی و قه‌ده‌غه‌كردنێكیان پێنه‌گه‌یشتووه‌ و ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی مه‌له‌وانى له‌و رووباره‌كه‌یدا ده‌كه‌ن.

نه‌قیب ره‌وه‌ند هاودیانى، وته‌بێژى به‌رگرى شارستانى سۆران به‌ 964ـى راگه‌یاند، سنووره‌كه‌یان فراوانه‌ و ناكرێت له‌یه‌ك كاتدا له‌ ته‌واوى ئاوه‌كانى سنوورى ئیداره‌ى سۆران ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ بكرێت.

وتیشی “دانانى شریتی سوور و سیم و محه‌جه‌ره‌ له‌ ده‌م رووباره‌كان هه‌روا ئاسان نیه‌ و پێویستى به‌كات هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رخسته‌ى بۆ بكرێت”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، له‌سه‌ر رووباره‌كه‌ى بارزان  تەنیا رێنمایی دراوه‌ته‌ ئه‌و  کەپرە گەشتیاریانه‌ى كه‌ له‌ لێواره‌كانى ئه‌و ئاوه‌ دروستكراون و خاوه‌نه‌كانیان ناچار كراون كه‌ كەلوپەلی مەلەوانیان لا بێت بۆ حاڵەتی نەخوازراو.

بەپێی ئه‌و ئامارەى 964 له‌ به‌دواداچوونى رووداوه‌كانى خنكان ده‌ستيكه‌وتووه‌ له‌ ماوه‌ى حه‌وت مانگى ئه‌مساڵدا 61 کەس له‌ناوچه‌ جۆراوجۆره‌كانى هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوك له‌ناو ئاوه‌كاندا خنكاون.