100 کارمەندی خۆبەخش دادەمەزرێن
964+
هونەر فارس- گەرمیان
لەگەڵ سەردانیدا بۆ گەرمیان، کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی گردبوونەوەیان ئەنجامدا و داوای دامەزراندنیان لە وەزیری تەندروستی کرد. سامان بەرزنجی، بەڵێنی پێدان کە 100 کارمەند بکات بە گرێبەست.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10.8.2023، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی سەردانی دەڤەری گەرمیانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی شارەکە کۆبووەوە.
لەگەڵ گەیشتنی بە گەرمیان، کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی، گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوایانکرد بکرێن بە هەمیشەیی.
بەگوێرەی ئامارێکی نافەرمی کە دەست 964 کەوتووە، تەنیا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان نزیکەی 350 کارمەندی خۆبەخش هەیە کە نزیکەی 130 کارمەندی تەنیا لە کفرییە.
ئەوانەی لەبەردەم ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان گردبوونەوە، زۆرینەیان کارمەندانی خۆبەخشی نەخۆشخانەی قەڵا بوو کە سەردانی وەزیری تەندروستیان بە دەرفەت زانی و گردبوونەوەیان ئەنجامدا.
وەزیری تەندروستی، لە کۆبوونەوەکەدا داوایکرد فەرمانبەرە خۆبەخشەکان نوێنەرێک دەستنیشان بکەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵیدا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی باڵا لەناو کۆبونەوەکە کە بۆ 964 قسەی کردووە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی بەڵێنی بە نوێنەری خۆبەخشەکاندا لە ئایندەیەکی نزیک کار بۆ بە گرێبەستکردنی 100 کارمەندی تەندروستی لە گەرمیان بدات.
بەڵام ئەوان داوا دەکەن بەهۆی زۆری کارمەندی خۆبەخشەوە 130 کارمەندیان دابمەزرێندرێن بۆ ئەوەی قەزای کفری و ناحیەکانی دەروبەریش سوودمەندبن.
سەرچاوەکە ئاگادارەکەی 964، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە وەزیری تەندروستی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان باسی لە پڕۆژەکانی تەندروستی کردووە کە بڕیاردراوە بە گوژمەی چوار ملیار دینار بۆ کەرتی تەندروستی کفری تەرخان بکرێت، لەوانە نۆژەنکردنەوەی فریاکەوتنی کفری و کڕینی چەند ئامێرێکی پزیشکی بۆ فریاکەوتنەکە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق