داوای گەڕانەوەی سەرۆکی پێشوو دەکرێت

کەس ئامادەنییە یانەی دەربەندیخان رزگار بکات

+964
یادگار محەمەد – سلێمانی

ده‌سته‌ی كاتیی به‌ڕێوه‌بردنی یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان، داوا له‌ سه‌رۆكی پێشووی یانه‌كه‌ ده‌كه‌ن بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی و یانه‌كه‌ له‌و بارودۆخه‌ خراپه‌ی هه‌یه‌تی رزگاری بكات.

دوای کردنەوەی دەرگه‌ی خۆپاڵاوتن بۆ دەستەی کارگێریی یانەی وەرزشی دەربەندیخان، تا ئێستا هیچ کەسێک ئامادەنییە فریای یانەکە بکەوێت.

ماوەی دوو مانگە سەرۆک و ئەندامانی دەستەی پێشووی یانەی دەربەندیخان دەستیان لە یانەکە کێشاوەتەوە، بۆ ئەوەی بۆشایی وەرزشی لە یانەکە دروست نەبێت، کۆمەڵێک لە کەسانی خۆبەخش دەستەیەکی کاتیان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری یاریزانان دامەزراند.
عەدنان عزەدین، سەرۆکی کاتیی یانەی دەربەندیخان بە 964ـی وت، ئەوان وەک دەستەی کاتیی یانەکە، ماوەی دوو مانگە شانیان داوەتە بەر بەرپرسیاریه‌تییەکی گەورە و نەیانهێشتووە یانەی دەربەندیخان بۆشایی وەرزشی تێدا دروست ببێت.

وتیشی، “ماوەی 12 رۆژە دەرگه‌ی پاڵاوتنیان کردووه‌تەوە بۆ دەستەی نوێی کارگێری، بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک ئامادەنییە ئەو بەرپرسیاریه‌تییە وەربگرێت، ئەگەر هەروا بمێنێتەوە ئەوانیش دەست لە کار دەکێشنەوە”.

هاوكات ئه‌مڕۆ ئێواره‌ ده‌سته‌ی كاتی یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا داوا له‌ “جه‌مال عه‌لی مینه‌” سه‌رۆكی پێشووی یانه‌كه‌ ده‌كه‌ن جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و سه‌رۆكایه‌تی یانه‌كه‌ بكات.

یانەی وەرزشیی دەربەندیخان، کە ساڵی 1992 دامەرزاوە، بەشێکی زۆری یارییەکانی لە هەردوو خولی کوردستان و عێراق کێبرکێ دەکات و چەند یاریزانێکیشی لە ریزی هەڵبژاردە جیاوازەکانی عێراقدا یاریی دەکەن.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا