بەنداوی دوکان بە پەنجە ماسی تەنرا

964+

توانا نەقی

بڕی زیاتر لە 120 هەزار پەنجە ماسی خرایە ناو دەریاچەی دوکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵ بڵاویکردەوە، بە مەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە سامانی ماسی بڕی زیاتر لە 120 هەزار پەنجەماسی خرایە دەریاچەی دوکانەوە.

کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان بە 964ـی وت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی راهێنانی کشتوکاڵی پرۆژەی دابینکردنی ماسی ئەو پەنجە ماسیانە هێنرانە بەنداوی دوکان و خرانە دەریاچەکەوە.

وتیشی، بڕەکەی 120 هەزار پەنجە ماسی بووە و لە جۆری کارەب بووە و ناشزانین ئەمساڵ وەجەبی تر دەنێرن یاخود نا.

ئەمساڵ بڕی 200 هەزار پەنجە ماسی خراوەتە بەنداوی دەربەندیخان و 120 هەزار دوکان و زیاتر لە 75 هەزار بۆ بەنداوی خنس بووە لە دهۆک.

ئێستا کاتی ئەو پرۆسەیەیە کە پەنجە ماسی ئامادەکراو بخەنە بەنداو و دەریاچەکانەوە چونکە ماوەی شەش مانگی دەوێت تا بە تەواوی پێدەگات.