کۆمپانیایەکی فەرەنسی نەمامگەیەکی گەورە دروست دەکات

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، کۆمپانیایەکی فەرەنسی پڕۆپۆزەلی دروستکردنی نەمامگەیەکیان بۆ وەزارەت هێناوە، تا لەشاری هەولێر لەسەر رووبەری 25 دۆنم زەوی ئەو نەمامگەیە دروست بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ کۆمپانیای سیرسیزی فەرەنسی کۆبوونەتەوە، بڕیاردراوە کۆمپانیاکە لە هەولێر ئەو نەمامگەیە دروست بکات.

هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ 964 وتی، وەزارەت پلانی ئەوەیە هەموو ئاسانکارییەک بکات بۆ وەبەرهێنەران تا پڕۆژەی باخداری پێشکەش بکەن، چونکە ئامانج ئەوەیە پەرە بە پشتێنەی سەوزایی هەولێر بدرێت.

وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، لەو نەمامگەیەدا بە شێوازێکی زانستیانەی سەردەم نەمامی دارستان و نەمامی بەرهەم و نەمامی جوانکاری بەرهەم دەهێنرێت، بڕیارە بەم نزیکانە کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیاکە بکەن بۆ میکانیزمەکانی دەستپێکردنی دروستکردنی.

ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەریدەخەن، لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم ئەو نەمامگانەی بۆ دارستان درەخت بەرهەمدێنن، ژمارەیان 14 نەمامگەیە، ئەوانەشی بۆ باخداری درەخت بەرهەمدێنن، ژمارەیان 16 نەمامگەیە.