“لەوەتەی پۆینت تو پۆینت دانراوە رووداوی هاتوچۆ رووی نەداوە”

964+

فەرمان سادق

لەگەڵ ئەوەی هێشتا کامێرای پۆینت تۆ پۆینت لە سەرتاسەری کوردستان جێگیر نەکراوە، حکومەتیش دەڵێت تاوەکو 80% رووداوەکانی هاتوچۆ کەمی کردووە.

کامێرای پۆینت تو پۆینت لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە شاری هەولێر جێبەجێکراوە، بە دیاریکراوی لە نیوەی دووەمی مانگی کانوونی دووەم دەستبەکاربوو، پێش ئەویش لە رێگای نێوان سلێمانی بۆ دوکان، کامێرای پۆینت تۆ پۆینت جێگیرکرا.

فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە 964ـی وت، ئەگەر موبالەغە نەبێت دەتوانم بڵێم لەوەتەی کامێرای پۆینت تو پۆینت لەنێوان رێگای کەرکوک بۆ بنەسڵاوە لەسەر شەقامی 120 مەتری جێگیرکراوە بە رێژەی 100% رووداوەکانی هاتوچۆی کەمکردووەتەوە و هیچ رووداوێکی هاتوچۆ تۆمار نەکراوە.

ئەو قسەیەی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لەکاتێکدایە هێشتا تەواوی شەقامی 120 مەتری کامێرای پۆینت تو پۆینتی بۆ دانەنراوە، بەڵام ئامادەکاری دەکرێت بۆ دانانی.

فازڵ حاجی دەڵێت: ئامادەکارییەکان دەستی پێکردووە و لە شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری و رێگای هەولێر بۆ دهۆک، کامێرای پۆینت تو پۆینتی بۆ دادەنرێت بەو پێیەی شەقامی خێران.