باڵەخانەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە هەولێر _ وێنە: 964
چاودێری دارایی بەغدا لە هەولێرە
964+
فەهمی نەبی
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێم ماوەی پێنج رۆژە شاندێکی چاودێریی دارایی حکومەتی عێراق لە هەولێرن، بۆ وردبینیکردنی هاوسەنگی دارایی شەش مانگی رابردووی هەرێم، بەڵام زانیاری 964 دەریدەخات ئەو شاندە تەنیا یەک رۆژ توانیویانە کار بکەن.
درەنگانی شەوی یەکشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا، وەڵامی ئەو پەرلەمانتارانەی پەرلەمانی عێراقی داوەتەوە، کە وتبوویان “هەرێم داتای ناڕاستی داوەتە بەغدا”، وەزارەتی دارایی دەڵێت، لەگەڵ چاودێری دارایی بەغدا دوو ساڵە نێوانمان خۆشە.
964 زانیویەتی ئەو شاندەی چاودێریی دارایی حکومەتی عێراق، لەو کاتەوەی هاتوون تەنیا رۆژی یەکشەممە توانیویانە کار بکەن و لیژنەکان دابەش بکەن، بڕیار وایە بە شێوەی هەڕەمەکی وەک نمونە وردبینیی بۆ داهات و خەرجی چەند وەزارەتێک بکەن.
پێشتر وەزیری دارایی حکومەتی هەرێـم رایگەیاندبوو، نوێنەری وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدا شوێنیان بۆ دابینکراوە بۆ ئەوەی رێکارە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا رێکبخەن.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم، لە رۆژی 16.7.2023 تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم، سەردانی وەزارەتی دارایی بەغدایان کردووە، بۆ ئەوەی لەسەر شێوازی هاوسەنگکردنی پێداچوونەوە بکەن، دوای گەڕانەوەیان راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی پێنج مانگی هەرێمیان ناردووە بۆ بەغدا، لە کۆتایی مانگی حوزەیران راپۆرتی مانگی حەوتیان ناردووە بۆ بەغدا.