سەرەڕای بوونی هەناری سێ وڵات، هەناری خۆماڵی رکابەری نیە
+964
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
وشکەساڵی، و بوونی سەرما لە وەرزی پێگەشتنی بەرهەمی ناوخۆ، کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەم هەبووە، بەوتەی سەرۆکی سەندیکای کشتوکاڵی عەلوەی سلێمانی، بەرهەمی ئەمساڵی ناوخۆ گەیشتۆتە لە سەدا ٣٥ کۆی بەرهەم و بەهۆی هەناردەکردنیشەوە نرخی هەناری خۆماڵی بەرزە و رکابەری نییە.
لەنێو عەلوەی سلێمانی نزیکەی ٣٠٠ کۆگای فرۆشتنی کۆ “جوملە” بۆ بابهتى جیاجیا هەن، بەڵام ئەوەی زیاتر چاوی لەسەرە هەناری خۆماڵییە.
بڕوا شێخ کەریم، خاوەن کۆگای ٢٦ لە نێو عەلوەی نوێی سلێمانی بە +964ـی وت “ئەمساڵ لە وەختی گوڵکردندا، هەنار و زۆربەی بەرهەمەکانمان لەنێو کەشێکی سارددا بوون، هاوکات بەهۆی وشکەساڵی ساڵی رابردووەوە بەرهەممان کەمتربووە”.
لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی هاوسەنگی بازاڕ، ئاسانکاریکرد کە هەنار لە دەرەوەی وڵات هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام ئەمە نەبووە هۆکارێک کە بەهای هەناری خۆماڵی داببەزێت.
سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵی عەلوەی سلێمانی ئەمە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینێت و بە +964ـی وت “هەنگاوەکە بۆ هاوسەنگی نرخی هەنار لە بازاڕدا پێویست بوو، بەڵام بەهۆی تام و کوالێتییەوە هەناری خۆماڵی ٥٠٠ دینار بۆ ٧٥٠ دینار بۆ یەک کیلۆ زیاترە”.
ئەمرۆ دووشەممە، هەناری تورکی، میسری و سوری لە نێو عەلوەی سلێمانیدا، نرخی کۆیان لە نێوان ١٠٠٠ دینار بۆ ١٢٥٠ دینار بوو، بهڵام هەناری خۆماڵی نرخی یەک کیلۆی بە ١٥٠٠ بۆ ١٨٠٠دینار دەستپێدەکات.
بە وتەی سەروەر عەلی، بەهۆی گرانبوونی نرخی کارەبا، نەیانتوانیوە وەک پێویست ئەمساڵ هەناری خۆماڵی کۆگا بکەن، چونكه فەرمانگەی کارەبای سلێمانی چوار کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و عەلوەی سلێمانی خستۆتە نێو پرۆژەی “کارەبای پریپەیدی 24کاتژمێری”، خاوەن کۆگاکانیش یەكهیهكی کارەبا بە ١٥٧ دینار دەکڕن.
سەرۆکی سەندیکای کشتوکاڵی عەلوەی سلێمانی لە رێگەی +964 ەوە داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ کرد، کاراسانی بکەن بۆ بە بازاڕیکردنی بەربوومی خۆماڵی، ئەو وتیشی “زۆرجار کە هەناردەی بەربوومی خۆماڵی دەکەین بۆ ناوچەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق، بەهۆی کێشەی ئەمنی و سیاسییەوە و داخستنی بازگەکان، هەڵاوسانی بەرهەم دروستدەبێت، ئەگەر لەو نێوەندەدا بەدیل هەبێت و بەربوومی ناوخۆ بچێتە دەرەوەی عێراق، ئەمە کەرتی کشتوکاڵ و گیرفانی جوتیارانیش دەبوژێنێتەوە”.