قایمقام: زبڵ و خاشاكه‌كه‌ى چۆمان كۆكرایه‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دواى چه‌ند رۆژێك له‌ كۆبوونه‌وه‌ى زبڵ و خاشاكێكی زۆر له‌ناو قه‌زاى چۆمان، به‌ قسه‌ى قایمقام ته‌واوى زبڵه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاى به‌رپرس كۆكراوه‌ته‌وه‌.

ماوەی 12 ساڵە كۆمپانیای پاپا گرووپ، ئەركی بەڵێندەرایەتی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی ئیدارەی سۆران و شارۆچكەكانی سنوورەكەی لە ئەستۆدایە و هەزار و 280 كارمەندى پاككه‌ره‌وه‌ى هه‌یه‌، لەبەرامبەر كارەكانیاندا حكومەت مانگانە بڕی ملیارێك و 380 ملیۆن دیناری پێدەدات.

سواره‌ ئه‌كره‌م، قایمقامی قه‌زاى چۆمان به‌ 964ـى راگه‌یاند، ئێستا ناوه‌ندى قه‌زاكه‌ى پاككراوه‌ته‌وه‌ و ته‌واوى زبڵ و خاشاكه‌كه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌.

وتیشی “هۆكارى كۆبوونه‌وه‌ى زبڵ و خاشاكه‌كه‌ى ئه‌م چه‌ند رۆژه‌، بۆ كێشه‌ى نێوان كۆمپانیاى پاپاگروپ و كارمه‌نده‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌”.

به‌پێی زانیاریه‌كانى 964 كارمه‌ندانى ژینگەپارێز، لە كۆمپانیای پاپا گرووپ، به‌هۆى پێنه‌دانى موچه‌كانیان، ماوەی نزیكه‌ى هەفتەیەكە بایكۆتی کارکردنیان راگەیاندبوو.

رۆژانە لە سنووری شارۆچكەی چۆمان، ناحیه‌كانى سمیلان، قەسرێ، حاجی ئۆمەران و گەڵاڵە، زیاتر لە 20 تۆن زبڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە.

تێبینی: ڤیدیۆى بڵاوكراوه‌ له رۆژى 2.8.2023 له‌ناو چۆمان تۆماركراوه‌.