مانگی تەمووز بانکی ناوەندی نزیکەی چوار ملیار و نیو دۆلاری فرۆشتووە
964+
فەرمان سادق
بانکی ناوەندی لە مانگی تەمووزدا سەرووی چوار ملیار دۆلاری فرۆشتووە بە تێکڕای 223 ملیۆن لە رۆژێکدا.
بانکی ناوەندی لە 31 رۆژی مانگی تەمووز تەنیا 19 رۆژ دۆلاری فرۆشتووە کە کۆی گشتی دەکاتە چوار ملیار و 241 ملیۆن و 110 هەزار و 049 دۆلار.
رۆژی 5ـی تەمووز، بانکی ناوەندی زۆرترین بڕی دۆلاری فرۆشتووە کە 232 ملیۆن و 602 هەزار و 675 دۆلار بووە، هەروەها رۆژی 31ـی مانگ کەمترینی فرۆشتووە کە 210 ملیۆن و 290 هەزار و 035 دۆلار بووە.
هەر لەو 19 رۆژەی کە بانکی ناوەندی دۆلاری فرۆشتووە، رۆژی 9ـی تەمووز کەمترین بڕی دۆلاری بۆ بازاڕی ناوخۆ فرۆشتووە کە تەنیا نۆ ملیۆن و 980 هەزار دۆلار بووە، هەروەها 18ـی مانگ زۆرترینی فرۆشتووە کە 49 ملیۆن و 470 هەزار دۆلار بووە.
هاوکات رۆژی 23ـی تەمووزیش زۆرترین بڕی دۆلاری بۆ حەواڵەی دەرەکی ناردووە کە 216 ملیۆن و 807 هەزار و دوو دۆلار بووە، هەوەها لە 18ـی مانگیش کەمترین بڕی بۆ حەواڵەی دەرەکی فرۆشتووە کە 170 ملیۆن و 564 هەزار و 407 دۆلار بووە.
جێی باسە بانکی ناوەندی تاکە لایەنی فەرمی خستنەڕووی دۆلارە بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ، بەشێوەیەکی گشتی رۆژانی هەینی و شەممە کە فەرمانبەران لە پشوودان، بانکەکە دۆلار نافرۆشرێت کە مانگانە دەکاتە هەشت رۆژ، بەڵام لە مانگی تەمووزدا 12 رۆژ دۆلاری نەفرۆشتووە، ئەمەش بە قسەی دۆلارفرۆشان هۆکارێک بوو لە گرانبوونی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی.