پزیشکانی دانەمەزراوی ددان داوای دامەزراندن دەکەن

964+

شیراز عەبدوڵا – هەولێر

2500 دەرچووی بەشە پزیشکییەکانی ددان لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکان داوای دامەزراندن دەکەن.

ئەوان دەرچووی ساڵەکانی 2016 تا 2019ـن و وەک خۆیان دەڵێن بە خۆبەخش لە سەنتەرەکانی ناوەوە و دەرەوەی شار کاریان کردووە.

نیاز  ئەسعەد، نوێنەری پزیشکانی دانەمەزراوی ددان بە 964ـی وت، “بەڕێوەبەرایەتیەکانی تەندروستی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ناو بنکە و بەڕێوەبەرایەتیە تەندروستیەکان بە خۆبەخش دەوامیان پێدەکەن، داومکردنیشیان لەسەر حساب و خەرجی خۆیانە بێ ئەوەی موچەیان پێبدرێت”.

بە پێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، پزیشکانی ددانی خۆبەخش پاش تەواوکردنی ساڵێک لە سەنتەرەکان و شەش مانگ لە بنکە تەندروستیەکانی دەرەوەی شار،  بۆیان هەیە داوای پشتگیری بکەن بۆ سەندیکای پزیشکانی ددان، بە مەبەستی کردنەوەی کلینیکی تایبەت لە دەرەوەی شار.

شاخەوان خۆشناو، جێگری سەندیکای پزیشکانی ددان بە 964ـی وت: “چەندین جار هەوڵیانداوە بۆ دامەزراندنیان، سەرۆکی  ئەنجومەنی راژە پێیوتوون حکومەت کەی پێویستی پێیان بوو دایاندەمەزرێنێت”.

دەشڵێت، خۆبەخشەکان خزمەتەکەشیان بۆ هەژمار ناکرێت و ساڵانەش ژمارەیان زیاد دەکات.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد