داهاتی نەوتی عێراق 15% زیادی کردووە

964+

فەرمان سادق

داهاتی نەوتی عێراق بۆ رێژەی 15% زیادی کردووە و زیاتر لە هەشت ملیار دۆلارە.

وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی فرۆشی نەوتی خاوی بۆ مانگی تەمووز راگەیاند کە هەشت ملیار و 293 ملیۆن دۆلارە، بەمەش ملیارێک و 113 ملیۆن دۆلار بەراورد بە داهاتی مانگی حوزەیران زیادی کردووە کە حەوت ملیار و 180 ملیۆن دۆلار بوو.

ئەو هەڵکشانە لە داهاتی فرۆشی نەوت لەنێوان هەردوو مانگدا دەکاتە رێژەی 15%.

کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند، لە مانگی تەمووزی رابردوو 106 ملیۆن و 755 هەزار و 169 بەرمیل نەوتیان فرۆشتووە کە تێکڕای رۆژانەی دەکاتە سێ ملیۆن و 444 هەزار بەرمیل نەوت.

ئەوەش رووندەکاتەوە کە تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێک نەوت 77.69 دۆلار بووە، بەمەش داهاتی مانگەکە دەکاتە هەشت ملیار و 293 ملیۆن دۆلار.