شەڕەکەی محەمەد بامەندی لەسەر تراکتۆرێک بووە
+964
شۆڕش عەبدوڵا
بە سۆراغی 964، تراکتۆرێک بنچینەی ئەو شەڕ و هەرایە بوو، کە دواجار گیانلەدەستدانی محەمەد بامەندی لێکەوتەوە.
964 پرسیاری لە دەرودراوسێ و کەسێکی خزم و نزیک لە محەمەد بامەندی کرد، وتیان کە 10 رۆژ لەمەوبەر، کوڕێکی محەمەد بامەندی لەگەڵ یەکێک لەو کەسانەی تەقەیان کردبوو شەڕی کردووە، دەوترێت چەقۆیەکیشی لێداوە.
بەڵام لە ماوەی ئەو 10 رۆژەدا محەمەد بامەندی لە گوند بووە، رۆژی 30 تەمموز کە دێتەوە، دەچێتە ئەو ماڵە بۆ ئەوەی ئاشتیان بکاتەوە و پێیان دەڵێت ئەو گرفتانە لە بەینی دراوسێ هەر دەبن.
بەڵام ئێوارەی هەمان رۆژ ماڵەکە بیانوویان بە شوێنی تراکتۆرەکە گرتووە، کە بۆچی لە بەردەم بنکەی تەندروستی شەهید سۆران رایدەگرێت لە گەڕەکی سەرکارێزان، لەمەوە بووەتە دەمەقاڵێ و ئەوە بوو هێرشیان بۆ بردوون و سەرو 30 فیشەکیان ناوە بە ماڵی محەمەد بامەندی و دراوسێکانیشیەوە.
محەمەد بامەندی بەرەو ئاسایشی گەڕەکەکەی خۆی دەچێت بۆ ئەوەی سکاڵا تۆماربکات، بەڵام لە بەردەم ئاسایش، بە پێی قسەی دکتۆرەکان، جەڵتە لێی دەدات و گیان لەدەستدەدات.