زبڵ و خاشاک بەنداوی دەربەندیخانی تەنیوە

964+

هونەر فارس – دەربەندیخان

بەشێکی بەنداوی دەربەندیخان بە زبڵ و خاشاک تەندراوە، بەڕێوەبەری بەنداوەکەش دەڵێت چارەسەرەکەی لای ئێمە نییە.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەردەکەوێت، قەراخی تەنیشت شەلالەکانی بەنداوی دەربەندیخان، بە زبڵ و خاشاک تەندراوە و تا ئێستاش پاکنەکراونەتەوە.

لەسەر رووی ئاوی بەنداوەکە، تەپەدۆر، دەبەی پلاستیک و دار فڕێدراوە، دەوترێت بەشێکیان گەشتیار و بەشێکی دیکەیان ماسیگەرەکان ئەو پاشماوانەیان فڕێداوە.

سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بۆ 964 وتی، رووباری سیروان و تانجەڕۆ دوو سەرچاوەی سەرەکیی بەنداوی دەربەندیخانن، گەشتیار، مەلەمەوان و راوکەرانی ماسی زۆر لەو ناوچانە و لە نزیک دەریاچەکە هەن، بۆیە لە سەرەوە هەر پاشماوەیەک ئاو بیهێنێت لە بەنداوەکەدا کۆدەبێتەوە.

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئەوەش دەڵێت، ئەوان بۆ پاککردنەوەی بەنداوەکە لەگەڵ قایمقام و شارەوانی کۆمپانیای پاککەرەوە قسەیان کردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە پاککردنەوەی ئەو پاشماوانە دەکرێت، کە لە بەنداوەکەدا کۆبوونەتەوە.

“ئەم گرفتە هەمو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە و لە توانای ئێمەدا نییە چارەسەری بنەڕەتی بۆ پاکڕاگرتنی بەنداوەکە بکەین” سامان ئیسماعیل وای وت.

964 دەزانێت، سەرباری هەبوونی دوو بەنداوی سەرەکی لە قەزاکەدا، بەڵام هاوڵاتیانی دەربەندیخان بەهۆی نەشیاویی ئاوی بەنداوەکە ناتوانن بە مەبەستی خواردنەوە سوودیان لێ ببینن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی