13 ساڵە لە چاوەڕوانیدان

نوێنەری کڕیارەکان: کێشەی پڕۆژەی وەرین سیتی چارەسەر دەکرێت

964+

پێشەوا محەمەد

لە رێگەی لیژنەیەکی دەستەی وەبەرهێنانەوە کێشەی کڕیارانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی وەرین سیتی لە شاری هەولێر چارەسەر دەکرێت و نوێنەری کڕیارەکان دەڵێت، 13 ساڵە کێشەیان هەیە.

964 لە زاری نوێنەری کڕیارەکانەوە دەزانێت، یەکە هەبووە لە پڕۆژەکەدا بە سێ کەس فرۆشراوە، هەروەها باڵەخانەکان 13 نهۆم بوون، بەڵام خەڵک یەکەی پێفرۆشراوە لەسەر و ئەو 13 نهۆمەوە کە بوونی نەبووە.

پڕۆژەکە لە وەبەرهێنی پێشووی وەرگیراوەتەوە و دراوە بە کۆمپانیای نوێ و ناوی پڕۆژەکەش گۆڕاوە بە سلاڤا سیتی دوو.

“لیژنەکە کاتی بۆ سەرجەم بەشداربووان داناوە تا سەردانیان بکەن و گرێبەست و پسوڵەی پارەدانەکانیان ببەن و ئەوەی یاسایی بێت و پارەی دابێت کێشەکانمان چارەسەر دەکەن”، ئەوە قسەی وریا خۆشناو، نوێنەری کڕیارانی پڕۆژەی وەرین سیتییە.

وتیشی، “13 ساڵە ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەو پڕۆژەیەدا هەیە و لە چاوەڕوانی تەواوبوونەی یەکەکانماندا بووین”.

پڕۆژەی وەرین سیتی لەسەر رووبەری 350 دۆنم لە شاری هەولێر دروست كراوە و لە 1500 یەكەی نیشتەجێبوون پێك دێت و 30%ـی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە و ماوەی 13 ساڵە کارکردن تێیدا وەستاوە.