پۆلیسی سۆران: 11 ئەفسەرمان نارد بۆ دەستگیرکردنی ئەو پیاوەی دوو ژنەکەی خۆی کوشت

964+
ئاسۆ وەرتی

پۆلیسی سۆران لە بەرامبەر ئەو قسانەی لە دوێنێوە لەسەری دەکرێن بەرگری لە خۆی دەکات و دەڵێت، 11 ئەفسەریان ناردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەو پیاوەی دوو ژنەکەی خۆی کوشت، بەڵام نەیانتوانیوە قۆڵبەستی بکەن.

سەرلەبەیانی دوێنێ شەممە، پیاوێک لە دەڤەری سۆران بە تاپڕ دوو ژنی خۆی کوشت کە حەوت منداڵیان لە دوا بەجێماوە.

دواتر رەخنە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران گیرا کە بۆچی پێشوەختە ئەو پیاوەیان دەستگیرنەکردووە لەکاتێکدا ساڵێک لەمەوبەر یەکێک لە هاوسەرەکانی سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە.

بۆ ئەم بابەتانە، ئەمڕۆ یەکشەممە، شەماڵ دیوالی وتەبێژی پۆلیسی سۆران کۆنفرانسێکی هەواڵی کرد و وتی، ژنەکە لەلای پۆلیسی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی سکاڵای تۆمارکردووە، نەک پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، بەو شێوەیەش ئەمان لای خۆیانەوە 11 ئەفسەریان ناردووە بۆ هاوکاری پۆلیسی روووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی، بەڵام هێشتا نەتوانرا پیاوەکە دەستگیربکرێت.

هاوکات، کەسوکاری تۆمەتبارەکە بە میدیاکانیان وت، براکەیان باری دەروونی جێگیر نەبووە و هەردوو ژنەکەی وەکو بارمتە لە ماڵەکەیدا گرتووە و نەیانتوانیوە بە هانایانەوە بچن، گوایە سێ جار تەقەی لە براکانی خۆیشی کردووە.