سێ مانگە کارەکانی پەیوەست بە بایەعی لە سلێمانی راگیراون

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ماوەی نزیکەی سێ مانگە كارەكانی پەیوەست بە فۆڕمی خۆراك لە سلێمانی راگیراوە و نە منداڵ زیاد دەکرێت و نە گواستنەوەی بایەعی ئەنجام دەدرێت.

لە رێکەوتی 7.5.2023ـەو وەزارەتی بازرگانی عێراق، رێکخستنی پسوڵەی خۆراکی لە سلێمانی ئاگادارکردووەتەوە، بەهۆی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک، هەموو کارەکانی پەیوەست بە فۆڕمەکە رابگرن.

یاسین مەحمود، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوڵەی خۆراکی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە بە 964ی راگەیاند، “داوامان لێکراوە تا کارتە ئەلیکترۆنییەکانمان بۆ دەگەڕێتەوە، کارەمانمان رابگرین”.

ماوەی دوو رۆژە تەنیا رێگە بە بڕینی بایەعی دەدرێت، ئەویش بە نووسراو لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە رێگەی پێدراوە، یاسین مەحمود وای وت.

لە پارێزگای دهۆکدا 50 بنکەی تۆمارکردنی گۆڕینی پسولەی خۆراک بۆ کارتی ئەلیکترۆنی هەیە، تا ئێستا کارتی ئەلیکترۆنی 245 هەزار و 699 خێزانی دهۆک پسولەکانیان تەواو بووە.

هەفتەی رابردوو، سیامەند قادر بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر بە 964ی وت، هێشتا هەولێر لە ریزبەندییەکە سەرەی نەهاتووە، دوای دهۆک و کەرکوک ئینجا کارەکانی پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات.