155 ملیۆن دۆلار زیانەکانیەتی
پێنج رۆژە کەشتییەک بە سێ هەزار ئۆتۆمبێلەوە دەسووتێت
964+
پێشەوا محەمەد
لە ئێوارەی سێشەممەی هەفتەی رابردووەوە کەشتییەک لە کەناراوەکانی هۆڵەندا گڕی گرتووە و زیاتر لە سێ هەزار ئۆتۆمبێلی لەسەرە و تا ئێستاش ئاگرەکە بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت زیانەکانی 155 ملیۆن دۆلار بێت.
بەپێی گێڕانەوەی گاردیانی بەریتانی لە زاری تیمەکانی ناو کەشتییەکەوە، گومان دەکرێت هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بۆ یەکێک لە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان بگەڕێتەوە، کە لەسەر کەشتییەکە بووە و دواتریش پەرەی سەندووە.
کەشتییەکە هی کۆمپانیای کەی لاینە و ویستوویەتی ئۆتۆمبێلەکان لە وڵاتی ئەڵمانیاوە بەرەو میسڕ بگوازێتەوە.
رۆژنامە بەریتانییەکە روونیکردووەتەوە، هۆکاری دواکەوتن لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، تیمەکان لە ترسی نقوبوونی کەشتییەکە ناتوانن ئاو بە سەرەوەی کەشتییەکەدا بکەن و تەنیا لە لاوە ئاوپڕژێنی دەکەن.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە کاتی گەیشتنی تیمە فریاگوزارییەکان بەهۆی بەتینی ئاگرەکە ئەندامێکیان گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکی تریشیان لە کاتی خۆفڕێدانیان بۆ ناو ئاوەکە بریندار بوون.
هەر بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، هیچ کام لە تیمە کەشتیوانییەکە زیانیان بەرنەکەوتووە و زوو رزگار کراون.