30 گوندی گەرمیان کێشەی ئاویان ھەیە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەھۆی وشکبوون و کەمبوونی سەرچاوەی ئاوەکانیان، لە گەرمیان زیاتر لە 30 گوند کێشەی کەم ئاوییان ھەیە.
رێکخراوی ھاوکاری ئەڵمانی و میدیکۆی نێودەوڵەتی بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەورووبەری گەرمیان پرۆژەی ژیانەوەی گوندەکانی ئیدارەی گەرمیان جێبەجێدەکەن.
تاکو ئێستا کێشەی کەم ئاوی ھەریەک لە گوندەکانی (کونەکۆتر، درۆزنەی بچوک، گامەخەڵ) بە لێدانی بیری قوڵی 150 مەتری چارەسەر کراون.
ئەو دوو رێکخراوە رەزامەندیان دەربڕیووە لە قۆناغی دووەمدا بیری قوڵ لێبدەن بۆ گوندەکانی (سەید خەلیل، کاکەبرا، تەکیە کۆن) لەگەڵ ناحیەی کوڵەجۆ، بەڕێوەبەری ئاوی دەورووبەری گەرمیان وای وت.
نەوزاد حەمید بەڕێوەبەری ئاوی دەورووبەری گەرمیان بە 964ـی وت، “لە گەرمیان نزیکەی 30 گوندمان ھەیە کە کێشەی کەم ئاوی یان نەبوونی ئاویان ھەیە بەھۆی وشک بوونی سەرچاوەی ئاوەکانیان”
ئاماژەی بەوەشکرد، ناوی سەرجەم ئەو گوندانەیان داوە بەو رێکخراوانە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا رەزامەندیان لەسەر ئەو شەش گوند و یەک ناحیەیە دەربڕیوە کە بیریان بۆ لێبدەن، لەھەوڵی ئەوەداین کە کێشەی کەم ئاوی بۆ تەواوی گوندەکان چارەسەر بکەین”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی