دراوی نوێی 20 هەزار دیناری چاپکرا

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشکرا کرا

964+

فەهمی نەبی

پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاندووە، بانکی ناوەندی بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی، هاوکات هۆکاری بەرزبونەوەی نرخی دۆلاری گەڕاندووەتەوە بۆ دوو دڵی بەشێک لە بازرگانان کە بەشداری سەکۆی ئەلیکترۆنیان نەکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی هۆکارەکانی ناسەقامگیری دۆلاری خستوەتەڕوو.

عەلی عەلاق دەڵێت، دەبێت پلەیەکی بەرزی پابەندی سیستمی بانکیی نێودەوڵەتی بەدەست بهێننین، بەڵام کۆمپانیایەکی نیودەوڵەتی بە تەواوی پشکنین بۆ جووڵەی دراو لە عێراقدا دەکات.

پارێزگاری بانکی ناوەندی دەڵێت، هەندێ حزب سوودمەندن لەوەی دۆلار لە بازاڕدا بکێشنەوە و خەڵک لەو بازرگانییە تێوەبگلێنن، هاوکات ئەو ناسەقامگیرییەی هەیە بە هۆی ئەوەیە خەڵکانێک نایانەوێت بێنە ناو سەکۆی ئەلیکترۆنی.

بە پێی وتەی پارێزگاری بانکی ناوەندی، ئەوان رۆژانە 155 ملیۆن دۆلار دەخەنە بازاڕەوە، هۆکاری ئەو ناسەقامگیرییەی دۆلاریش هەر ئەوەیە خەڵکانێک نایانەوێت بە شێوەی یاسایی دۆلار وەربگرن.

حکومەت رەزامەندی داوە لەسەر کەمکردنەوەی باج لەسەر بەدەستهێنانی دۆلار، سزای ئەو 14 بانکەی دراوە لە سەردەمی حکومەتی ئێستا نەبووە، هاوکات سیستمی پارەدان بە مۆبایل سەرکەوتوو بووە، ئەمەش بە وتەی عەلی عەلاق.

بانکی ناوەندی دەڵێت، مامەڵەی رێکخستنی پێدانی باجی غازی ئێران لە نێوان عێراق، ئێران و ئەمریکا بەردەوامە.

عێراق دراوی نوێی 20 هەزار دیناری چاپ کردووە

بانکی ناوەندی ئەوەی خستووەتەڕوو، قەبارەی قەرزی ناوخۆیی عێراق گەیشتووەتە 65 ترلیۆن دینار و ئەوانەشی دەرەوەی عێراق گەیشتووەتە 20 ملیار دینار، هاوکات یەدەگی عێراق 113 ملیار دۆلارە.

ماوەی هەفتەیەکە نرخی دۆلار ناسەقامگیریی زۆری دروستکردووە، بە جۆرێک ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی 100 دۆلار گەیشتە 158 هەزار دینار.