بە ٣٠ رۆژ ٢٠ کەس بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون
964+
هونەر فارس – گەرمیان
لە ماوەی یەک مانگدا ٢٠ کەس بەهۆی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون لە گەرمیان، ١٩یان پیاون و یەکیان.
عوسمان عەبدولکەریم وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان بە 964+ی وت، شەش کەس لە تۆمەتبارەکان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و ١٤ کەسیان بە تۆمەتی بەکارهێنان دەستگیرکراون.
|وتیشی، “ئێمە پێمان وایە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە سنوری ئیدارەی گەرمیان تا ئێستا حاڵەتن و نەبوون بە دیاردە، ناشتوانین بڵێن کەلار بووە بە ناوەندێک بۆ ئاڵوگۆڕی مادەی هۆشبەر بۆ شوێنەکانی دیکە به حوکمی هاوسنوری لەگەڵ ئێران، چونکە ئەوەی لە شوێنەکانی دیکە دەستی بەسەردا دەگیرێت بڕێکی زیاترە لەوەی لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی ئێمەدا گیراوە”.
سەبارەت بە تەمەنی ئەوانەی کە بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیردەکرێن، ئاماژەی بەوە کرد، تەمەنەکان دیاریکراو نین و لە نەوجەوانەوه تێیدایە تاکو تەمەنی ٣٥ بۆ ٤٠ ساڵ.
لەو ٢٠ کەسەی دەستگیرکراون، کچێکی تەمەن ١٨ساڵ و نۆ تۆمەتباری دیکەیان دانیشتوی قەزای کەلارن، حەوت کەسیان ئێرانین و دوو تۆمەتباری دانیشتوی ناحیەی رزگاری و تۆمەتبارێکی قەزای کفری و یەکێکیان دانیشتوی قەزای دەربەندیخانە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کەلار دەڵێت، کە هێزەکانیان بەردەوامن بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو کەسانەی کاری بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەکەن.