بەهەزاران ناوی ئەوانەی لە دەرەوە دەژین لە پسولەی خۆراک لابراوە

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاندووە، پرۆسەی پێداچوونەوە بەناوی هاوبەشانی پسولەی خۆراکی پارێزگای دهۆک بەردەوامە و نزیکەی 250 خێزان لە دهۆک پسولەکانیان تەواو بووە و لەپارێزگاکان ناوی هەزاران خێزانیان دەرهێناوە کە لە عێراق ناژین.

لەمانگی نیسانی ئەمساڵەوە، پرۆسەی گۆڕینی پسولەی خۆراک بۆ کارتی ئەلیکترۆنی لە پاریزگای دهۆک دەستیپێکرد، بەمەش دهۆک لەسەر ئاستی هەرێم یەکەم پارێزگا بوو پرۆسەی بە ئەلیلترۆنیکردنی پسولەی خۆراکی دەستپێکرد.

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاندووە، لەپرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسولەی خۆراک توانیویانە ژمارەیەکی زۆری ناوی ئەو کەسانە بسڕنەوە کە لە ژیاندا نەماون یان لە عێراق نەماون.

لەپارێزگای دهۆک 50 بنکەی تۆمارکردنی گۆڕینی پسولەی خۆراک بۆ کارت ئەلیکترۆنی هەیە، تا ئێستا کارتی ئەلیکترۆنی 245 هەزار و 699 خێزانی دهۆک پسولەکانیان تەواو بووە، لەپارێزگای کەرکوک پسولەی 252 هەزار و 198 خێزان تەواو بووە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە، سیامەند قادر بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر بە 964ی وت، هێشتا هەولێر لە ریزبەندییەکە سەرەی نەهاتووە، دوای دهۆک و کەرکوک ئینجا کارەکانی پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات.

بەهۆی رێکارەکانی گۆڕینی پسولەی خۆراک لە کاغەزیەوە بۆ کارتی ئەلیکترۆنی، زیاتر لە دوو مانگە مامەڵەی زیادکردنی منداڵ و دەرهێنانی پسوڵەی خۆراک وەستاوە.