خەڵک شەقامەکان پینە دەکەن

بازاڕی چوارقوڕنە لە چاڵوچۆڵ رزگاری دەبێت

+964
ژێوار خدر – راپەڕین

بڕیارە شارەوانیی چوارقوڕنە، شەقامەکانی ناو بازاڕ قیڕتاو بکاتەوە و زیادەڕۆییەکانیش لاببرێن.

ئەمەش لە کاتێکدایە دانیشتووانی ناحیەکە گلەیی زۆریان لە چاڵوچۆڵی ناو شەقامەکان هەیە، بەشێکیشیان لەسەر ئەرکی خۆیان ئەو چاڵوچۆڵانە پینە دەکەن.
حەسەن زرار، سەرۆکی شارەوانیی چوارقوڕنە بە 964ـی وت: ئێمە دەرخستەیەکمان بۆ ناو بازاڕی چوارقوڕنە کردووە بە بڕی (327) ملیۆن دینار، رەزامەندی وەزارەتی شارەوانیشمان وەرگرتووە لەسەر داهاتی فرۆشتنی زەوی، کە بڕیارە بەشێک لە زەوییەکانی نیشتەجێبوون بفرۆشین بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

“لە قۆناغی یەکەمدا شەقامەکان قیرتاو دەکرێن و دواتریش ناو بازاڕ رێکدەخرێتەوە و زیادەڕۆییەکانیش لادەبرێن”، سەرۆکی شارەوانیی چوارقوڕنە وای بە 964 وت.

روونیشیکردەوە، ئەوان فەرمانێکی وەزاریان هەیە، کە %100ی داهاتی فرۆشتنی زەوی بۆ شارەوانی دەگەڕێتەوە، وتیشی تەنیا چەند رێکارێکی یاسایی کەم ماوە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا