رێگەی مەكتەبەكەی سەرۆكی پێشووی پەرلەمان هێشتا قوڕە

+964
كوردستان ئەحمەد

رێگەی بەردەم قوتابخانەی ئامادەیی خورماڵی كوڕان لەوەتەی كراوەتەوە قیر نەكراوە.

ئامادەیی خورماڵی كوڕان، ئەو قوتابخانەیەیە، كە یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان تێیدا خوێندوویەتی.

قوتابخانەكە دوو نهۆمە، لە رێگەی سەرەكییەوە 600 مەتر دوورە، تا ئێستا قوڕە، چەندین جار تێكەڵەڕێژ كراوە بەڵام تا ئێستا قیرنەكراوە.

مستەفا كەریم مستەفا، بەڕێوەبەری ئامادەیی خورماڵی كوڕان بە964ی وت، لە 2011ەوە داوایان كردووە بەڵام هیچیان بۆ نەكراوە.

قوتابخانەكەش نۆژەنكردنەوەی دەوێت، بەڵام تا ئێستا هیچی بۆ نەكراوە.

سالار ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی خورماڵ بە 964ی وت، لەگەڵ گەڕەكەكانی دیكەدا  ئەوێش قیر دەكەن.

قوتابخانەكە، دەكەوێتە ناو كۆمەڵگەیەكی وەرزشی، لە تەنیشتیەوە یاریگەی تێنس و مەلەوانگە و یاریگەیەكی داخراوی تۆپی پێ و كتێبخانەی گشتی و دائیرەی نفوس هەیە، دیوێكی قوتابخانەكە دەڕوانێت بەسەر گوندی ئەحمەدئاوای گەشتیاری و دیوەكەی تریشی دەڕوانێتە سەر گوندی ئاوای رۆستەم بەگدا.