داخی دڵی خۆیان بە مەڕەکان رشتووە

چەند کەسێک لە باڵەکایەتی شوانێکیان پەلبەست کردووە و 30 سەر مەڕیان سەربڕیوە

+964
ژووری هەواڵ

لە کوێستانی سەکران لە قەزای چۆمان چەند کەسێک داویانە بە سەر مەڕدارێکدا، دەست و پێی شوانەکەیان بەستووەتەوە و 30 سەر مەڕیان سەربڕیوە، هەر لەوێش مەڕە سەربڕاوەکانیان جێهێشتووە.

رووداوەکە دوێنێ شەو بووە و ئێستا پۆلیس کەوتووەتە لێکۆڵینەوە لەم رووداوە سەیرە، بەڵام تا ئێستا کەس لەسەری دەستگیر نەکراوە.

پەیامنێری 964 سۆراغی رووداوەکەی کرد و لە زاری چەند سەرچاوەیەکی خەڵکی ناوچەکەوە زانی، رووداوەکە بە هۆی کێشەی دوو بنەماڵەوە بووە، داخی دڵی خۆیان بە مەڕەکانی بنەماڵەی سێیەم رشتووە.

بنەماڵەی یەکەم داویەتی بەسەر بنەماڵەی سێیەمدا

بە کورتی بەم شێوەیە بووە: دوو بنەماڵەی کۆچەری مەڕدار لە کوێستانەکانی سەکران سەر بە باڵەکایەتی ماوەیەکە کێشە لە نێوانیاندا هەیە (بنەماڵەی یەکەم و دووەم)، دەستەیەک لە بنەماڵەی یەکەم چوون داویانە بەسەر شوانێکی بنەماڵەی سێیەم کە لە ئاکرێوە مەڕەکانیان بردووەتە ئەوێ و زەویوزاریان لە بنەماڵەی دووەم بەکرێگرتووە، دەست و قاچیان بەستووەتەوە و لە پێش چاوی 30 سەر مەڕیان سەربڕیوە، بەڵام هیچیان نەبردووە و کەلاکەکانیان لاوێدا جێهێشتوون، ئینجا مۆبایل و تفەنگی شوانەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە و رۆیشتوون.

سەرچاوەیەک لە بنەماڵەی سێیەم قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “ئێمە لەگەڵ هیچ کەسێک کێشەمان نییە و نازانین ئەوانە کێن”.

964 دەزانێت بنەماڵەی یەکەم و دووەم کێشەیان هەیە کە خەڵکی ناوچە کوێستانییەکەن، بنەماڵەی سێیەم لە ئاکرێوە رۆشتوون و زەویان لە بنەماڵەی دووەم بەکرێگرتووە بۆ ئەم هاوینە.

ئەم وردەکارییە سێ کەسی جیاواز لە سەکران کە ئاگاداری رووداوەکە بوون، بۆ پەیامنێری 964یان گێڕایەوەو هەمووشیان وەک یەک باسیان کرد.

کێشەی بنەماڵەکان کۆنە

لە لایەکی دیکە، سوارە ئەکرەم قایمقامی چۆمان بە 964ـی وت، کێشەی نێوان ئەو بنەماڵانە کۆنە و سەبارەت بە رووداوەکەی شەوی رابردوو هێشتا لە لێکۆڵینەوەدان. وتیشی، تا ئێستا کەس لەسەر ئەو بابەتە دەستگیرنەکراوە.

پۆلیسی سۆران هیچ لەسەر رووداوەکە ناڵێت و کاتێک پەیامنێری 964 پەیوەندی پێوە کردن، هیچ لێدوانیان نەدا و وتیان لێکۆڵینەوە دەکەن.

یەکەمجارە لە باڵەکایەتی رووداوی لەم شێوەیە روودەدات و مەڕ دەبنە قوربانی، بەڵام یەکەمجار نییە لەو ناوچەیە لەسەر زەویوزار کێشە دروست دەبێت، تەنانەت خەڵکیشی لەسەر کوژراوە.