ئاوەسپی ماڵئاوایی لە خورماتوو كرد
964+
كوردستان ئەحمەد
رووباری ئاوەسپی كە بە رۆژهەڵاتی قەزای خورماتوودا تێدەپەڕێت، بەهۆی وشكەساڵیەوە وشكی كرد.
رووبارەكە لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هەڵدەقوڵێت، بە ناوچەكانی گەرمیان و داودەدا تێدەپڕێت لە خورماتوو تا دەگاتە گوندی زەرگە و بەرەو تكریت دەڕوات.
لە سنوری خورماتوو تا دەگاتە داودە تەقریبەن 40 گوندی لەسەرە، رووبارەكە ماسی و بۆق و كیسەڵ و چەندین جۆری دیكەی ئاژەڵی تێدایە.
رووبارەكە بە گشتی دوو مەتر قوڵە و لە هەندێك شوێن چوار بۆ پێنج مەتر قوڵە، ئاوەكەی مەنگە، بەڵام لە بەهاراندا زۆر روونە، بۆخواردنەوە دەشێت.
لە سەرەتای پایزەوە تا كۆتایی مانگی حەوت ئاوێكی زۆری هەیە و لە مانگی حەوتەوە تا مانگی 11 وشك دەكات.
چەند ساڵێکیشە بەهۆی وشکەساڵی و بێبارانی و دروستکردنی بەنداو و دانانی غەسالەی چەو و لم لەسەر چەمی ئاوەسپی ئاوەکەی زۆر کەمی کردووە.
گوندنشینان، سوود لە ئاوەكە دەبینن بۆ ئاودێری و كشتوكاڵ و سەوزە و میوە، بەڵام كە وشك دەكات دیمەنێكی پڕ تارمایی بەسەر شوێنەكەدا نیشاندەدات.
لە دیمەنەكاندا دیارە، بەرد و تاوێری گەورە لە رووبارەكەدا دەبینرێت، عەشتەبای خوای لێنییە بخورێت، دەنگی سیسرك وكولە و مێرووی لێدێت.