چۆن رۆتینی خەوتنت چاک دەکەیتەوە؟

+964

ئەحمەد عەبدوڵا

لە دونیای خێرای ئەمڕۆدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک تووشی تێکچوونی خەو دەبن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی و خۆشگوزەرانییان دروست دەکات، بەڵام هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە بە چەند دەستکارییەکی سادە لە رۆتینی خەوتنتدا، دەتوانیت کوالێتیەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بکەیت.

964 پشت ئەستوور بە توێژینەوە زانستییەکان چەند رێگایەکی بۆ ئامادەکردووی بۆ باشترکردنی کوالێتی خەوتنەکانت:

1. خشتەی خەوتنی بەردەوام: هەموو رۆژێک لە هەمان کاتدا بخەوە و لە خەو هەستە، تەنانەت لە کۆتایی هەفتەشدا، ئەمەش یارمەتی رێکخستنی کاتژمێری بایۆلۆژی جەستەت دەدات.

2. پێش ئەوەی بخەویت جەستەت ئامادە بکە بۆ خەوتن بە خوێندنەوەی کتێب یان ئەنجامدانی چەند راهێنانێکی سوک.

3. دوور بکەوە لە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک مۆبایلە زیرەکەکان، تابلێتەکان، یان لاپتۆپەکان لانیکەم کاتژمێرێک پێش خەوتن چونکە ئەو تیشکە شینەی کە لە شاشەکانیانەوە دەردەچێت، دەبنە هۆی تێکچوونی بەرهەمهێنانی مادەی میلاتۆنین لە جەستەتدا، کە هۆرمۆنێکە هانی خەوتن دەداتە.

4. ئاگاداری سیستمی خۆراکت بکە: دوور بکەوە لە خواردنی ژەمە قورسەکان و کافاین و زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی کحول، چونکە دەبنە هۆی کاریگەری لەسەر شێوازی خەوتنت.

5. دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خەوتن: دڵنیابە ژووری نوستنەکەت گونجاوە بۆ خەوتن فێنک و تاریک و بێدەنگ بیهێڵەرەوە و هەوڵبدە جێگای خەوەکەت نەرم و ئاسودەبێت.

6. وەرزشکردن بە بەردەوامی: بەشداریکردن لە چالاکی جەستەیی بەردەوام لە رۆژدا دەبێتە هۆی باشترکردنی کوالێتی خەوتن.

7. بە رۆژ مەخەوە: هەرچەند ماندوو و شەکەت بووی هەوڵبدە دوای نیوەڕۆ یان دەمەو ئێواران نەخەویت، ماندوویەتییەکەت بۆ خەوێکی قوڵ و پڕ سوودی شەوان هەڵبگرە

8. پێش خەوتن زیادەڕەوی مەکە لە خواردنەوەی شلەمەنییەکان: دڵنیام ناتەوێت خەوە قوڵەکەت بپچڕێت بۆ سەرئاو کردن، بۆیە چەند کاتژمێرێک پێش خەوتن خواردنەوەی شلەمەنییەکان کەمبکەوە

بە جێبەجێکردنی ئەم ئامۆژگارییانەی کە پسپۆڕان پێشنیازیان کردووە لە رۆتینی خەوتنتدا، دەتوانیت کوالیتی و ماوەی خەوتنەکەت باشتر بکەیت، ئەمەش دەبێتە هۆی باشتربوونی تەندروستیت و تێڕوانینێکی ئەرێنیتر بۆ ژیان.