بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار لە قەزای باتیفا دەکرێتەوە
+964
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە قەزای باتیفا بەڕێوەبەرایەتی و لە ناحیەی رزگاری نووسینگەی گەشتوگوزار دەکرێنەوە.
دوای بەقەزابوونی باتیفا و گرنگیدان بە قەزاکە لە بواری خزمەتگوزاری و گەشتوگوزاری، کە باتیفا خاوەن هاوینەهەوار و ناوچەی گەشتیارییە، وەک سیلاڤی سووریا و کەپرەکانی گوفکێ و چەندان شوێنی دیکە، بڕیاری کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار لە باتیفا لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە دەرچوو.
بێوار سندی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری زاخۆ بۆ 964 وتی، ئەمە یەکەم هەنگاوی پێشخستنی کەرتی گەشتیارییە لە قەزاکە، دواتر چەندان پڕۆژەی گەشتیاری لە باتیفا دروست دەکرێن و هەندێک ناوچەش نۆژەن دەکرێنەوە.
ئەم هەنگاوە دەرفەتی کار بۆ ژمارەیەکی لە دەرچووانی قەزای باتیفا دەڕەخسێنێت، هەروەها چەندان دەرفەتی کار بۆ خەڵک و گەنجانیش پەیدا دەبن بەهۆی ” نۆژەنکردنەوەی هەندێک ناوچەی گەشتیاری”، بێوار سندی وای وت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا