سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وا دەڵێت

هەفتەی داهاتوو دەبێت بودجەی هەرێم بێت

964+

فەهمی نەبی

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا، ئەمشەو ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان، وتی، “پێنج رۆژە لە کۆبوونەوەی بەردەوامداین لەگەڵ حکومەتی عێراق، سەبارەت بە بودجە گفتوگۆی چڕ کراوە و هەفتەی داهاتوو لە رۆژی یەکشەمەوە دەبێت بەشە بودجەی هەرێم بێت”.

هەروەها ئەوەش دەڵێت، هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەوە هەموو ئەو ئەرکانەی جێبەجێکردووە، کە لەسەری بووە، هاوکات هەفتەی داهاتوو هەموو ئەو ئەرکانەی لەسەری دەمێنێت، جێبەجێی دەکات.

ئومێد سەباح دەڵێت، هەرێم لە 25.6.2023 رۆژانە 50 هەزار تا 60  هەزار بەرمیل نەوتی رادەستکردووە، ئەمڕۆ وەزارەتی نەوت ئەوەی چەسپاندووە کە هەرێم پابەندی ئەو رێکارانە بووە، کە لەسەری بووە جێبەجێی بکات، بۆیە دەبێت بەغدا لە 26.6 هەموو شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت، نەک بە تەنیا موچە بێت.

ئەوەشی وت، هەفتەی داهاتوو سەرجەم ئەو داهاتە نا نەوتی و ئیتیحادیانە رادەست دەکرێت، لە دوای جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە هەرێم سەرجەم پابەندییەکانی ئەنجام دەدات.

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان دەڵێت، جگە لەو مانگە، دەبێت بەغدا سەرجەم شایستە داراییەکانی سەرەتای ئەمساڵ تا مانگی حوزەیران لە رێگەی لیژنەی هاوبەشەوە پاکتاو بکات.

وتیشی، دوو خاڵ ماوە هەرێم و بەغدا بە تەواوی لەسەری رێکبکەون، ئەوانیش راڤەکردنی داهاتە نا نەوتییەکان و تێچووی گواستنەوەی نەوت، ئەمەش هەفتەی داهاتوو لە نوسینگەی سەرۆک وەزیران یەکلایدەکرێنەوە.

نووسراومان کردووە بەغدا موچەی مانگی شەش بنێرێت و بۆ مانگی حەوتیش سەرجەم شایستە داراییەکان بنێرێت، ئومێد سەباح وای وت.