ئەمڕۆ کرێکارێک گیانی لە دەست دا

لە هەولێر هەر مانگێک کرێکارێک گیانی لەدەستداوە

964+

شیراز عەبدوڵا – هەولێر

لە یەکێک لە کارگەکانی هەولێر کە دەکەوێتە ناحیەی کەسنەزان، کرێکارێک لە کاتی کارکردندا گیانی لەدەست دا.

رووداوی گیان لەدەستدانی ئەو کرێکارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە روویداوە، هەر ئەمڕۆ تەرمی کرێکارەکە لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی ناحیەی دارەتووی هەولێر بەخاکسپێردرا.

یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران، بە 964ـی وت، “کرێکارەکە تەمەنی 18 ساڵە، تیمەکانمان لە لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران، بەدواداچوون دەکەن لە چۆنیەتی رووداوی گیانلەدەستدانی کرێکارەکە”.

سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران دەڵێت، لە شەش مانگی ئەمساڵدا، شەش کرێکار لە هەولێر لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.

بە وتەی یوسف کەریم، ئەو هاوڵاتیانەی لە ماوەی رابردوودا گیانیان لەدەستداوە، خەڵکی رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان و هاوڵاتی میسری و کرێکاری شاری هەولێری تێدابووە.

ئاماری سەندیکای کرێکاران دەریدەخات لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا 11 کرێکار لە کاتی کارکردن برینداربوونە، زۆربەی حاڵەتەکان لە باڵەخانەکان بووە، بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی پیشەیی روویانداوە .

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی