مەرجی گواستنەوە لە نێوان زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان راگەیەنرا

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی خوێندنی باڵای کوردستان مەرجی گواستنەوەی خوێندکارانی لە نێوان زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان راگەیاند، بە گوێرەی ئەو مەرجانە بێت، ماوەی 39 رۆژ دیاریکراوە بۆ کرداری گواستنەوەی خوێندنکاران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆمەڵێک مەرج و رێنمایی نوێی بۆ ئەو خوێندکارانە راگەیاندووە، کە لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا دەخوێنن و دەیانەوێت گواستنەوە ئەنجام بدەن، پرۆسەکە لە رۆژی 23.7.2023 دەستپێدەکات و لە 31.8.2023 کۆتایی دێت.

بە گوێرەی رێنماییە نوێیەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، گواستنەوە لە قۆناغی دووەمەوە ئەنجام دەدرێت، واتا دەبێت ئەو خوێندکارە لە قۆناغی یەکەم دەرچووبێت، هاوکات دەبێت لارینەبوونی هەردوو زانکۆکەی لابێت.

لە رێنماییەکانی وەزارەتدا ئەوەش هاتووە، هیچ خوێندکارێک لە زانکۆی تایبەت ناتوانێت بە شێوەی میوانداری یان گواستنەوە ئەنجام بدرێت بۆ زانکۆی حکومەت، بەڵام خوێندکارانی زانکۆی حکومی دەتوانن خوێندنەکەیان بگوازنەوە بۆ زانکۆ تایبەتەکان.

بە پێی رێنماییە نوێیەکان، خوێندکاران دەتوانن خوێندنەکەیان بگوازنەوە بۆ زانکۆکانی دەرەوەی هەرێم، بە مەرجێک ئەو زانکۆیە لەلایەن وەزارەتەوە دانپێدانراو بێت.

سەبارەت بە بەشەکانی پزیشکی ددان و دەرمانسازی و ئەندازیاری، خوێندکار دەتوانێت لە دەرەوەی هەرێم گواستنەوە ئەنجام بدات بۆ زانکۆکانی هەرێم بەو مەرجەی، قۆناخی یەکەمی بە سەرکەوتوویی بڕیبێت، ئەو خوێندکارانەی بەشی پزیشکی دەرمانسازی و ددان لە ساڵەکانی 2020-2021 خوێندنیان دەستپێکردووە نابێت کۆنمرەیان لە %85 کەمتر بێت، ئەوانەشی لەدوای ئەو رێککەوتە خوێندنیان دەستپێکردووە نابێت کۆنمرەیان لە %80 کەمتر بێت.

سەبارەت بەبەشە ئەندازیارییەکان، نابێت خوێندکار کۆنمرەی لە %75 کەمتر بێت.

ورد و درشتی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەم لینکەیە.