عێراق باڵیۆزی سوێد دەردەکات
964+
ژووری هەواڵ
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی راسپارد، باڵیۆزی سوێد لە خاکی وڵاتەکەی دەربکات.
هەروەها داوای کرد باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد بکشێتەوە و بگەڕێتەوە عێراق.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا هۆکاری ئەم بڕیارانەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی حکومەتی سوێد رێگە لە سووتاندنی قورئان ناگرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەدان خۆپیشاندەر دابارینە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە شاری بەغدا و بەشێکیان سووتاند.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ستافی باڵیۆزخانەکە سەلامەت لێی دەرچوون.
خۆپیشاندەرەکان هۆکاری چوونە سەر باڵیۆزخانەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پۆلیسی سوێد جارێکی تر رەزامەندی داوە لەسەر سووتاندنی قورئان.
راپۆرتەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن، پۆلیسی شاری ستۆکهۆڵم رەزامەندی داوە بە گروپێک تاوەکو خۆپیشاندان ساز بکەن، دەوترێت یەکێک لە چالاکییەکانیان سووتاندنی قورئانە کە کتێبی پیرۆزی مسوڵمانانە.
مانگی رابردوو، کەسێکی بە رەگەز عێراقی هەر لە ستۆکهۆڵم کۆپییەک لە قورئانی سووتاند، ئەوەش لە وڵاتانی ئیسلامیدا ناڕەزایەتی فراوانی لێکەوتەوە.