لۆبیا و بامیه‌كه‌ى گۆپته‌په‌ پێگه‌یشت

964+

ژوورى هه‌واڵ

ساڵانه‌ به‌ده‌یان دۆنم زه‌وى له‌ سنوورى ناحیه‌ى گۆپته‌په‌ بۆ كشتوكاڵ داده‌چێندرێت، له‌ناویاندا بامیه‌ و لۆبیاكه‌ى ناوبانگێكی باشی په‌یداكردووه‌.

جوتیارێك ده‌ڵێت، ئه‌مساڵ بازاڕی لۆبیا و بامیكه‌یان زۆرباشه‌، به‌ڵام هیلاكی و ماندووبوونى زۆره‌.

ژماره‌یه‌ك كرێكار له‌ناو كێڵگه‌كه‌ى خالید محه‌مه‌د گۆپته‌په‌یی ده‌بینرێت كه‌ خه‌ریكی لێكردنه‌وه‌ى لۆبیا و دواتریش بامیه‌كانى لێده‌كه‌نه‌وه‌.

خالید، ئه‌مساڵ زه‌ویه‌كى زۆرى بۆ داچاندنى لۆبیا و بامیه‌ ته‌رخان كردووه‌، بۆ 964 ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ساڵانه‌ لانیكه‌م 10 دۆنم لۆبیا و بامیه‌ ده‌چێنێت و ده‌شڵێت “به‌رهه‌مه‌كانم ره‌واجی زۆریان له‌سه‌ره‌”.

باس له‌وه‌شده‌كات، ساڵانى پێشتر به‌رهه‌مه‌كانى ده‌برده‌ عه‌لوه‌ى سلێمانى به‌ڵام له‌مساڵه‌وه‌ هه‌ر له‌ عه‌لوه‌كه‌ى چه‌مچه‌ماڵ ساغیان ده‌كاته‌وه‌.

به‌قسه‌ى ئه‌و جوتیاره‌، ئه‌و زه‌ویه‌ى بۆ لۆبیا و بامیه‌ به‌كاریهێناوه‌، پێشتر گه‌نمى لێ چاندبوو، كه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌شی كۆتایی دێت زه‌ویه‌كه‌ى بۆ به‌رهه‌می دیكه‌ به‌كارده‌هێنێته‌وه‌.

ده‌شڵێت “جگه‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌، شوتى و بیبه‌ر و ته‌ماته‌ و خه‌یاریشم چاندووه‌”.